له‌ كۆشكى سپى مه‌سروور بارزانى له‌گه‌ڵ راوێژكارى سه‌رۆكى ئه‌مريكا بۆ ئاسايشى نيشتيمانى كۆده‌بێته‌وه‌

گفتوگۆيه‌كى باش له‌ باره‌ى نوێترين پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كان و گه‌شه‌پێدانى ئابوورى كرا

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سروور بارزانى، راوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مريكييه‌كه‌ى، هێربرت ماك ماسته‌ر، راوێژكارى سه‌رۆكى ئه‌مريكا بۆ ئاسايشى نيشتمانى كۆبوويه‌وه‌.

له‌ باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ واشنتن، به‌يان سامى، له‌ رێى هه‌ژمارى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر نووسيويه‌تى: "گفتوگۆيه‌كى باش له‌ باره‌ى نوێترين پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منى و گه‌شه‌پێدانى ئابوورى كرا و هه‌روه‌ها گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ى پته‌وتركردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مريكا".

ئه‌مڕۆ مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و بڕیاره‌ له‌و سه‌ردانه‌یدا چاوی به‌ چه‌ندین به‌رپرسی باڵای كۆشكی سپی وئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌وێت و باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن.

سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی پاش به‌شداریكردنییه‌تی له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان له‌ میونخ، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان، رۆژانی 16 تا 18ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ په‌راوێزی 54ـه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداربوون، مه‌سروور بارزانی، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی چه‌ندین وڵات كۆبووه‌ته‌وه‌ و باسییان له‌ قۆناغی داهاتووی ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.