نەوت و وزە نرخی نه‌وت به‌رێژه‌ی 8% به‌رزبووه‌وه‌

نرخی نه‌وت به‌رێژه‌ی 8% به‌رزبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی ئه‌ندام له‌ رێكخراوی ئۆپێك، بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی له‌ جیهان، نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌ی 8% به‌رزبووه‌وه‌.

له‌ كاتژمێری 12ی ئه‌مڕۆ, به‌كاتی گرینویچ، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت، له‌ گرێبه‌سته‌ پێشوه‌خته‌كان، 3.76 دۆلار به‌رزبووه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 51 دۆلار، ئه‌وه‌ش به‌ گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له‌ نرخی نه‌وت داده‌نرێت به‌ درێژایی 9 مانگی رابردوو، كه‌ له‌یه‌ك رۆژدا رووبدات.

هه‌رچی نه‌وتی خاوه‌ی تێكساسی مامناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكایه‌، 3.55 دۆلار به‌رزبووه‌وه‌ و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك گه‌یشته‌ 48.78 دۆلار.

رێكخراوی ئۆپێك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت، كاتژمێر 9ی ئه‌مڕۆ به‌ كاتی گرینویچ، له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه‌ له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا كۆبوونه‌وه‌, بۆ ئه‌وه‌ی له‌ باره‌ی جێگیركردنی نرخی نه‌وت بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، كه‌ له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ نرخه‌كه‌ی به‌ رێژه‌ی 50% دابه‌زیوه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌ باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی 1.4 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت كردووه‌ رۆژانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆر له‌و بڕه‌ زیاتره‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرا.

له‌ مانگی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری رابردوو، ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ له‌ جه‌زائیر به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی له‌ باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی رێككه‌وتن، به‌ جۆرێك هه‌نارده‌ی نه‌وت رۆژانه‌ بكرێته‌ 32.5 بۆ 33 ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌، كه‌ ئێستا نزیكه‌ی 33.64 به‌رمیله‌ رۆژانه‌.

خالد فالح, وه‌زیری وزه‌ی سعوودیه‌ رایگه‌یاند، هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بازاڕ به شێوه‌یه‌كی درووست به‌ڕێوه‌ده‌چێت و رێكخراوه‌كه‌ش له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی 1.2 ملیۆن به‌رمیل رێككه‌وتووه‌.

به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان سعوودیه‌ و ئێران له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌می نه‌وتی خۆیان، نرخی نه‌وتی به‌ رێژه‌ی 4% دابه‌زی.

9. sidebar1_home_page