داوا دەكرێت دەسەڵاتی سەربازی لەسەر كەركووك ھەڵگیرێت
K24 - كەركووك
لە گردبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ "ھاوپەیمانی كۆمەڵایەتی ھاووڵاتیانی كەركووك" بەیاننامەیەكیان دژی دەسەڵاتی سەربازی كەكووك خوێندەوە و داوایان كرد كۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازی لە شارەكە بھێندرێ و ھەیبەت بۆ كەركووك بگەڕێندرێتەوە.
لە بەیاننامەكەدا ھاتووە: "دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كەركووك بە یاسا و رێساكانی حوكمی سەربازی بەڕێوەدەچێ و بەردەوا ھەمەر و چەكدار لە شەقامەكانی شارەكەدا بووەتە دیاردەیەكی رۆژانە و ھەوندێك جاریش بەھۆی تەقەی ئەو ھێزانە ھاووڵاتیانی سڤیل بوونەتە قوربانی".
لە بەشێكی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: "دانانی دوو خاڵی گومرگی لە رێگای سلێمانی و ھەولێر كە زیاتر لە قۆڵبڕین و راوەڕووت دەچێ نەك گومرگ، ئەوەندی دیكە باری سەرشانی خەڵكی كەركووكی گرانتر كردووە".
ھاوپەیمانی كۆمەڵایەتی ھاووڵاتیانی كەركووك داوا لە خەڵكی كەركووك دەكەن: "رۆژی 16 ئۆكتۆبەر، وەك فشارێك بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی لە شارەكە ھەیە بۆ ماوەی كاتژمێرێك مان بگرن و دوكان و بازاڕەكان دابخەن".