ئێران لەسەر وێنەیەکی پەیامبەری ئیسلام لە دانیمارک تووڕەیە

ساڵێکە ئێران رێککەوتنێکی گرنگی بەهۆیەوە وەستاندووە

K24- هه‌ولێر:

بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی پەیامبەری ئیسلام لەلایەن ئینگەر ستۆژبێرگ، وەزیری کۆچبەرانی دانیمارک، ماوە ساڵێکە رێککەوتنێکی گرنگی نێوان دانیمارک و ئێران وەستاوە.

بڕیار بوو ساڵی پار، ئەو وەزیرەی دانیمارک سەردانی تاران بکات، تاکو رێککەوتنی نێوان دانیمارک و ئێران لەسەر گەڕانەوەی پەنابەرانی ئێرانی، ئەوانەی داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە، واژۆ بکەن.

بەڵام ئینگەر ستۆژبێرگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی پەیامبەری ئیسلامی بڵاوکردەوە کە تیایدا جامانەیەکی شێوە بۆمبی بۆ دروستکراوە، ئەمەش پەیوەندی تاران و کۆپنهاگنی تێکدا و مووسوڵمانانی دانیمارکیشی تووڕە کرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی رادیۆی دانیمارک، ماوەی ساڵێکە، چارەنووسی 200 ئێرانی لە دانیمارک بە سەردانی ئەو وەزیرەوە بەستراوەتەوە، بەڵام تاکو ئێستاش، پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلام و دانیمارک ئاسایی نەبووەتەوە.

ئەو وەزیرەی دەڵێت، ئەو کارەی بۆ پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە دانیمارک کردووە، بەڵام هەر  زوو مووسوڵمانانی تووڕەکرد و لە ئێران خۆپیشاندان کرا و ئاڵای دانیمارکیش سووتێنرا.

ئینگەر ستۆژبێرگ دژی مانەوەی پەنابەرانە لە دانیمارک و لە دواین تویتی لەبارەی پەنابەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "چیدی بەرگەی خەرجی و سەرئێشەی پەنابەران ناگرین".

 H.J