ھۆشیار زێباری: دواخستنی ریفراندۆم خۆكوژی سیاسییە

"سەركردایەتی كوردستان دەرگای گفتوگۆ داناخات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان خۆكوژی سیاسییە بۆ سەركردەكانی كورد، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم گفتوگۆی جدی لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەتی بەغدا دەست پێدەكەن.

ھۆشیار زێباری بە كوردستان24 گوت: "ئێمە ھەرگیز دەرگای گفتوگۆ داناخەین، پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش ئامادەین گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بكەین، چونكە ھەردوولا پێویستمان بە یەكتر ھەیە".

گوتیشی: "شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، لە ماوەی رابردوودا سەردانی بەغدای كرد و داخوازییەكانی ھەرێمی كوردستانیان بە بەرپرسانی بەغدا ڕاگەیاندبوو، ئێستاش جارێكی دیكە شاندی ھەرێمی كورستان دەچێتەوە بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا دەكەنەوە".

ھۆشیار زێباری راشیگەیاند: "دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم سەركردایەتی سیاسی كوردستان، شرۆڤەی بارودۆخەكە دەكات و كاردانەوەكان دەكات، پێشتر گوتومانە ئەنجامدانی ریفراندۆم مانای ئەوە نییە كە رۆژی دواتر دەوڵەتی كوردستان رادەگەیەنین، ئەمە پرۆسەیەكە ئیشی زۆری دەوێت و پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی زۆر ھەیە".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر رامانگەیاندووە، گرنگترین لایەن كە دەمانەوێت دوای ریفراندۆم دانوستانی لەگەڵ بكەین عێراق، بۆ ئەوەی لەسەر ئالیەتێك رێككەوین، چۆن بتوانین دوو دراوسێی باش بین".

لە لایەكی دیكە لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ھۆشیار زێباری، بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند: "دواخستنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەبێ گرەنتی نێودەوڵەتی كە لە توانایدابێت بەغدا پابەند بكات بە جێبەجێكردنی داواكانی كورد، خۆكوژی سیاسییە بۆ سەركردەكانی كورد و بە دیھێنانی خەونی سەربەخۆیی كوردستان".