چوار لایه‌نه ناڕازییه‌كه ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ده‌ست ره‌تده‌كه‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
چوار لایه‌نه ناڕازییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه هه‌ر یه‌ك له یه‌كگرتووی ئیسلامی، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌خۆی ده‌گرێت، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ده‌ست ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، رایده‌گه‌یه‌نن، "هه‌ژماركردنه‌كه بۆ په‌رده‌پۆشكردن و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ساخته‌كارییه گه‌وره‌یه بوو كه ئه‌نجامدرا".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، جه‌خت له‌وه‌ش كراوه‌ته‌وه "ئه‌م ده‌ره‌نجامانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی پێشوو ده‌كه‌نه‌وه و رێكاری یاسایی و سیاسی پێویست ده‌گرنه به‌ر له پێناو گێڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و پاراستنی ده‌نگی ده‌نگ ده‌رانییان".
چوار لایه‌نه‌كه، به شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له راگه‌یه‌ندراوه‌كانی پێشوویان، ئه‌مجاره باس له دیالۆگی نیشتمانی ده‌كه‌نه‌وه و تێیدا هاتووه: "له سۆنگه‌ی هه‌ستكردنمان به به‌رپرسیارێتی ئێستا و ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان و هه‌ستیاری بارودۆخه‌كه جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر پێویستی دایه‌لۆگێكی نیشتیمانی به‌رپرسیارانه له كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بنه‌ڕه‌تی بۆ قه‌یران و گرفته‌كانی ئه‌م دۆخه سیاسیه و ده‌ربازكردنی كوردستان له‌م بارودۆخه ناله‌باره‌ی چه‌قبه‌ستووه و پته‌وكردنی یه‌كڕیزی نیشتیمانی له‌سه‌ر بنه‌مای سازان و هاوسه‌نگی سیاسی و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه و ره‌چاوكردنی ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م دۆخی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه و رێگریی له پشێوی و ناته‌بایی و ئاڵۆزی زیاتر".