مه‌لا به‌ختیار باسی دەستەگەری و چەتەگەری وساختەگەری‌ و یه‌كێتی دووزه‌ردێنه‌ ده‌كات

"ریفراندۆم مافی دیموكراسیە و خیانەت نییە"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌لا به‌ختیار له‌ نووسینێكدا به‌ ناونیشانی " ئایا تەنگژەی یەكێتی زادەی ریفراندۆمە ؟" كه‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی چاودێر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باسی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات و ئه‌و هه‌لومه‌رج و قۆناغ و بڕیار و ده‌سته‌گه‌رییانه‌ی ناو حزبه‌كه‌ی به‌ وردی باسكردووه‌و  له‌ باره‌ی بڕیاری ریفراندۆمیش ده‌ڵێت: "ریفراندۆم مافێكی دیموكراسییه‌ و خیانه‌ت نییه‌".

مه‌لا به‌ختیار نوسیوویه‌تی"ریفراندۆم مافی دیموكراسیە و خیانەت نییە. ریفراندۆم یەكەمین ئەزموونی دیموكراسییە كە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و كوردستاندا گەلێكی ستەملێكراو، ئەنجامی دابێ‌. ریفراندۆم مافێكی دیموكراسی بێئەملاموئەولای نەتەوە ژێردەستەكان‌و هەموو هێزە دیموكراتەكانی دنیایە. گەلێك داوای ریفراندۆم بكات، مافی خۆیەتی، بەڵام ئەوانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن، ئەمانە لەروانگەی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستەوە، هەڵوێستوەردەگرن. ئێمە وەكو مافی دیموكراسی، بۆ باوەڕمان بە ریفراندۆم، هەڵەمان نەكردووە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " دوای كاردانەوەی دەوڵەتانی جیهان‌و دەوڵەتانی ئیقلیمی‌و كارەساتی كەركوك، داڕمانێكی دەرونیی چاوەڕوانەكراو هاتۆتەئاراو لەژێر كاریگەریەكانیدا، بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی‌و لایەنەكان، هەروەكو نە بایان دیبێ‌‌و نە باران، خۆیان وا پیشاندەدەن كە لەنوكەوە تا كۆتاییی ریفراندۆمیان قبوڵ نەبووە. ئەمەش سەراپا پێچەوانەی راستییەكانە. بەندە، دەتوانم بەرەهاییەوە بڵێم: یەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیش نادۆزیتەوە دژی ریفراندۆم بوبێ. واژوی هەمویانم لەلایە. ئەگەر باوەڕیش ناكرێ‌ رێكەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بخوێننەوە، بەراشكاوی باسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان كراوە. ئەگەر ئەمەش كۆن بوبێ‌، ئەوەی گومانی هەیە، با نەخشەرێگاكەی یەكێتی بۆ پارتی بخوێنێتەوە. بزانن چۆن باس لە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و باس لەئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك‌و ناوچە كێشەلەسەرەكانیش كراوە".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ " ئەگەر هەبێ‌ دڵی بەمانەش ئاونەخواتەوە، با راگەیەنراوی دواكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (7/9/2017)و (23/9/2017) بخوێنێتەوەو دیقەت بدات، ئایا ملیمەترێك لە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی، یەكێتی پاشەكشەی كردووە. لەوماوە دورودرێژەش، یەك ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی نییە، پێش ریفراندۆم، وتارێكی دژی ریفراندۆم نوسیبێ‌، یان لێدوانێكی دژی ریفراندۆم دابێ‌. بۆ؟ چونكە لەكۆبونەوە رەسمییەكاندا، دەنگیان بە ریفراندۆم داوە. تەنانەت ئەگەر بۆچونی جیاوازیشمان لەسەر بەدیلی ریفراندۆم‌و نەكردنی ریفراندۆم لەكەركوك هەبوبێ‌، مەكتەبی سیاسی جەختی كردۆتەوە كە بە رێكەوتن لەگەڵ پارتی ئەم ئەركە ئەنجامبدرێت، نەك بەجیا وەكو یەكێتی".

مه‌لا به‌ختیار به‌ وردی هاتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بارودۆخانه‌ی ناوخۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی به‌م رۆژانه‌ گه‌یاندووه‌و ده‌ڵێت: "دوو ساڵه‌، به‌ئاراسته‌ی جیابونه‌وه‌، ترازان دوای ترازان، ده‌كرێته‌ ژیانی ناوخۆییمان. ئه‌مه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری‌و مه‌رامی حزبی‌و سیاسی، هانده‌ریانه‌. راسته‌ كه‌ وتراوه‌: دز بازاڕی شێواوی ئه‌وێ‌. راستیشه‌ وتراوه‌: هه‌تا خاوه‌ن ماڵ دزی گرت، دز خاوه‌ن ماڵی گرت!".

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت: " لەناو دۆخێكی ئاوای كوردستانی دوای ریفراندۆم‌و قەتیسمانەوە لەچوارچێوەی گێژاوی دوای كۆنگرەكانی یەكێتی، نەبوونی هەڵسەنگاندن‌و رەخنەلەخۆگرتن‌و دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان، تەنها لەقازانجی ئەوانەیە كە بەكردەوە لەرێبازی مام جەلال نەك لایانداوە، بەڵكو دژایەتیشی دەكەن، بەڵام بەرواڵەت لەپشتی دێوجامەی (پەردەی خۆشاردنەوەی راوچی بۆ نێچیر) رێبازی مام جەلالەوە، راوی كادرە دڵسۆزەكانی رێبازی مام جەلال دەكەن. كایەی بەرژەوەندیەكانیش وا تێكەڵاو بوون، ساڵ تێناپەڕێ‌، بەشێكی بەرپرسەكانی یەكێتی، لەدەستەگەریەكەوە بۆ دەستەگەریەكی تر نەیگوازنەوە. لەكوێ‌ چەور بێت، لەوێ‌ ئەسكوێی تێوەردەدەن!!".

له‌باره‌ی كیشه‌كانی حكومه‌ت و یه‌كێتییه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیار نوسیوویه‌تی " دوو مانگ بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕی، هێشتا دوكەڵی پیلانگێڕی، رەش رەش، ئاسۆی راستییەكانی لەناو حكومەت‌و یەكێتی، داپۆشیووە. هەڵبەتە نە لەناو كورددا كێشەی حكومەت‌و نێوان هەرێم‌و بەغداد لەدوای ریفراندۆمەوە دەستپێدەكات، نە تەنگژەی یەكێتیش زادەی ریفراندۆمە. هەموو ئەوانەی پێیانوایە حكومەتەكەمان‌و ئەزمونەكەمان، لەعێراق‌و باشووری كوردستاندا، تەنها ریفراندۆم گەیاندویەتیە ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا، راست لەگەڵ ویژدانی خۆیان‌و رای گشتی ناكەن. ئەوانەی پێشیانوایە دۆخی ناو یەكێتی لەدوای ریفراندۆم، گەیشتۆتە پیلانی شەممەی (4/11/2017)، ئەمانەش دەیانەوێ‌ مەرامە جۆراوجۆرەكانی جەمسەرەكانی ناو یەكێتی، داپۆشن. ئەگینا هیچ كوردێك نیە نەزانێ‌، حكومەتەكانی كوردستان، هەریەكە لەقۆناغی خۆیدا، تەنگوچەڵەمەی زۆر بووەو بەرەبەرە بەسەریەكدا كەڵەكە كراون. حكومەتەكانی عێراقیش، یەك لەدوای یەك خۆیان لەجێبەجێكردنی دەستورو دەربەستی مافەكان، دزیوەتەوە. هەموو یەكێتییەكیش دەزانێ‌، یەكێتیی نیشتمانیی، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان (پایزی 1989)و تێكەڵكردنی لەگەڵ شۆڕشگێڕان‌و لەیەكقاڵبدانی باڵەكانی، كە دۆخی سەركردە رەشبینەكانی دوای ئەنفالەكان سەپاندی، ئیدی لەوەبەدوا لەهەناوی یەكێتیدا، كێشمەكێشەكان، بەردەوام بوون. لەیەكەمین كۆنگرەی یەكێتی (زستانی 1991) كە سیانزە رۆژی خایاند، كێشەی قوڵ هەبون. با هەموو ئەندامانی ئەو كۆنگرەیە، بیرەوەری خۆیان بیربكەوێتەوە، كە چۆن پیلان لە مام جەلال گێڕدراو چۆنچۆنیش بەتەسكیە نیوەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی دەرچێنران. هەموو ئەوانەی لافی بەرهەڵستی سیاسەتی یەكێتی‌و سنوردانان بۆ دەسەڵاتی تاكڕەوی مام جەلالیان دوای راپەڕین لێدەدا، هەموویان رازیبون بەتەسكیە بچنەوە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و لەئۆرگانەكانیشدا پشكیان بەركەوێ‌. بەشێكی بەرچاویشیان لەدوای كۆنگرە، خەریكی بەتاڵانبردنی ئامێرەكانی فەرمانگەكانی كوردستان‌و لەسەر سنورەكان گومرگ وەرگرتن‌و سەفتە سەفتە دۆلار قایمكردن بوون. سەفتە دۆلار وای مەست كردبون، بۆچونەكانی ناو كۆنگرەی هەر بیرنەهێشتن!!".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ "سێهەمین كۆنگرەو تەكەتولی پارە!" كردووه‌و ده‌ڵێت: "سێهەمین كۆنگرەی یەكێتیش لەساڵی (2010) هەوڵێكی زۆر درا بەشێك لەكێشەكانی هەناوی ئەم رێكخراوە تێكۆشەرە، بە ریفۆرمی پەیڕەو و پرۆگرام‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ناوەندو بەرۆمانسیەتی حزبایەتی، پاكبكرێتەوەو گۆڕانكاری بەدی بێ‌، بەڵام رۆژانی كۆنگرە، سیخناخ بوو لە تەكەتول‌و پارە رشتن‌و گزیكردن‌و چەواشەكردنیش. دیسان لەناو كۆنگرە، تەسكیە هێنرایەوەئارا. هەموو ئەوانەی پێش كۆنگرە ناڕازیبون، بەشێكیان لەناو كۆنگرە خواخوایان بوو بەتەسكیە دەرچن‌و بەشێكی تریشیان، پیلانیان بۆ دەرچون دەگێڕا‌و پارەیان بۆ هەڵدەڕشت. ئاكام ژمارەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی زیادكرا، بەڵام كێشەكان بەچارەسەرنەكراوی مانەوە".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "لەدوای سێهەمین كۆنگرەوە تا ئێستا، نەخۆشكەوتنی مام جەلال، كاریگەرییەكی نالەباری لەسەر ئومێدەكانی چارەسەر جێهێشت. بۆیە، نەك دیاردەی دەستەگەری، چەتەگەری، ساختەگەری‌و چەواشەگەری، بنەبڕ نەبوون، بەڵكو لەو چەند ساڵەدا، ئەو دیاردە دزێوانە زیاد بون‌و جگە لە شەرمەزاریی، هیچیان بۆ یەكێتی نەهێشتۆتەوە. لەبەرامبەردا، نە هەڵوێستی دروست، نە سیاسەتی راست، نە بۆچونی دیموكراسی، نە راپەڕاندنی ئەركە نوێكان، نە دژایەتی هەلپەرستی‌و پارەپەرستی، هیچی لەناو یەكێتی لەبەردەم چاوچڵێسی هەموو ئەوانەی دەیانویست ئاوی بەرژەوەندیەكان لێڵتر بكەن، سودیان نەبوو. بەڵكو دژی هەموو سەركردەو ئۆرگان‌و كادرە بەهەڵوێستەكان، پیلانگێڕیی هەتا دەهات، زیادی دەكرد. دەستەبازەكانی ناو یەكێتیش، لەلایەكەوە بەرژەوەندییە ئابوریەكانیان پەرە پێدەداو، لەلایەكیشەوە هێزی چەكداری خۆیان، لە هەرلایەكەوە چەكیان پێ دابین كرابێ‌، بەهێزتر دەكرد".

له‌ كۆتایی نووسینه‌كه‌یدا باسی چاره‌سه‌رییه‌كانی بۆ دۆخی یه‌كێتی كردووه‌و ده‌ڵێت: " تاقە چارەسەر لەبەردەم یەكێتیدا، بەستنی كۆنگرەی دوور لە پیلانگێڕییه‌، دوای روداوەكان‌و گۆڕینی هاوكێشەكان‌و لێكترازانی ناو یەكێتی، پاساوی خۆدزینەوە لەكۆنگرە، تەنها هی ئەوانەیە كە هێشتا مەرامەكانی دەستەگەرییان، ماوە بەدیبێنن. یەكێتی حزبێكی بێئەزمون نییە، تاكتیك‌و نەخشە ژێربەژێرەكان، بەسەریدا تێپەڕێ‌. تازە یەكچاو بوینەتەوە. ئەوەی یەكێتییە، با یەكێتی بێ‌و سەرەڕای هەموو كێشەو ناكۆكیەكان هەموو مافێكی لەناو یەكێتی دەبێت بپارێزرێت. ئەوەی باوەڕی بەیەكێتیش نەماوە، ئازادە. هەق نییە لەوە زیاتر ئازاری رۆحی مام جەلال‌و گیانی پاكی شەهیدەكانی یەكێتی بدرێ. هەر لەبەرئەوەی بڕیارو بەرنامەی تایبەتی بهێنرێتەدی. خۆ ئەگەر قسەش لە چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت، رێگای چارەسەر تائێستا دانەخراوە. بەش بەحاڵی خۆم، پێشمەرگەی چارەسەرم. لەهیچ دەستەگەرییەكدا نیم. ناشبم. كۆنگرەی پیلانگێڕییش، هێندە پیسە، لەهەموو كۆنگرەو كۆنفرانسەكانی شاخ‌و شاردا، دەزانم چەند زیانبەخشە، بۆیە نابمە داشی گەمەی ئاوها. بەبێ‌ مەرجیش چارەسەركردنی راستەقینەی كێشەكانم قبوڵە. بەڵام بۆ یەكێتی ناو یەكێتی، نەك یەكێتی دوو زەردێنە! ئەركی حزبایەتیش، ناكرێ‌ فەرامۆش بكرێ‌. حزبایەتی، بەرپرسارێتییە. نەك خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتیی. هەر سەركردەیەك خۆی لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوە، یان دژی راپەڕاندنی ئەركی بەرپرسیارانە بێ، بۆ پاراستنی یەكڕیزیی حزبەكەی‌و سازدانی زەمینەی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو، ئەو سەركردەیە، بێگومان دیارە بە پەیژەی چ جۆرە تەكەتولێك بەرزكراوەتەوە، بۆ سەر كورسی سەركردایەتی! ئێستاش دەیەوێ‌ چۆنچۆنی پێگەو بەرژەوەندی هاومەرامەكانی بپارێزێ‌".