سێ وڵات داوایان لە ئەمەریکا کردووە هێرشبکاتە سەر ئێران

جۆن کیری چەند نهێنییەک لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران ئاشکرادەکات

K24 – هه‌ولێر:

جۆن کیری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا، مەترسی خۆی لەبەرپابوونی جەنگ دژی ئێران رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات پێش بەدیهێنانی رێککەوتنامەی ئەتۆمی چەند وڵاتێک داوای هێرشکردنە سەر ئێرانیان لە ئەمەریکا کردووە.

جۆن کیری رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بەدیهێنانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2015 کە تیایدا ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، بەڵێنیدا چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات.

ئەو سیاسییەی ئەمەریکا پێی وایە: "کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتننەکە، ئەگەری زیادبوونی گرژی لەناوچەکە زیاد دەکات چونکە هەندێک کەس هەن زۆر حەز بەوە دەکەن ئەمەریکا هێرشبکاتە سەر ئێران".

لە لێدوانێکیدا بۆ ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا، کیری رایگەیاندووە: "پاشای سعودییە، پاشا عبدوڵڵا و حوسنی موبارەک، سەرۆکی پێشووی میسر، پێیان گووتم کە دەبێت ئەمەریکا هێرشبکاتە سەر ئێران".

جۆن کیری دەڵێت سزاکانی ئەمەریکا ئەو کەسانە بەهێز دەکات لەناو ئێران کە کاتی خۆی دژی رێککەوتن بوون، ئەو کەسانەش تەنها شتەکان خراپتردەکەن.

کیری نەشی شاردەوە، کە هاوشێوەی میسر و سعوودییە، ئیسرائیلیش داوای هێرشکردنە سەر ئێرانی لە ئیدارەی ئۆباما کردووە.

پێشتر ئیدارەی ترەمپ جۆن کیریان بە چاوپێکەوتنی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و شکاندنی یاسا دیپلۆماسییەکان تۆمەتبارکردبوو.

بڕیارە مانگی داهاتوو ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە، بەڵام هێشتا روون نییە کە وڵاتە باڵا دەستەکانی جیهان پشتگیری دەکەن یاخود بە پێچەوانەوە دژی دەوەستنەوە  و بەردەوامی دەدەن بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران.

سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر

H.J