10 دەوڵەمەندترین خێزانەکانی جیهان بناسە

خاوەنی چەند براندێکی ناوداری جیهانین

K24 – هه‌ولێر:

تەنها لە 72 وڵات، دوو هەزار و 208 ملیاردێر هەن کە پێکەوە خاوەن 9 تریلیۆن و یەک ملیار دۆلارن.

بەڵام هەندێک لەم دەوڵەمەندانە پارەکەیان تەنها هی خۆیان نییە، بەڵکو بۆ خێزانەکانیان دەگەڕێتەوە چونکە ئەو بازرگانییەی دەیکەن، لەلایەن خێزانەکانیانەوە بەڕێوەدەبرێن و بۆ باب و باپیرانیان دەگەڕێتەوە.

سایتی بێزنس ئینسایدەر، 10 دەوڵەمەندترین خێزانی جیهان و پیشە و بڕی پارەکەیان ئاشکرا دەکات.

  1. خێزانی بۆهرینگەر و باومباخ

کاری دەرمانسازی دەکەن لە ئەڵمانیا و خاوەنی کۆمپانیایەکن کە تەمەنی 130 ساڵە. خاوەنی 42 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارن.

  1. خێزانی کارگیل- ماکمیلان

گروپی کۆمپانیاکانی کارگیل لە جیهاندا کاری جیاوازی وەک بازرگانی کشتوکاڵی و وزە و پێشەسازی بیناسازی دەکەن و خەڵکی ئەمەریکان.

خاوەنی 42 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارن.

  1. خێزانی کواندت

خاوەنی 50%ی کۆمپانیای بواری ئۆتۆمبێلی بی ئێم دەبلیو ن. جیا لەوەش کۆمپانیای تایبەت بە سۆفتوێر سکیورتییان هەیە.

خاوەنی 42.7 ملیار دۆلارن

  1. خێزانی ئەمبانی

خاوەنی گەورەترین زنجیرە پاڵاوگەی نەوتن لە هیندستان و چەندین بازرگانی جیاوازی دیکەشیان هەیە.

خاوەنی 43 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارن.

  1. خێزانی وێرسێیمەر

سامانی ئەم خێزانە بۆ پییەر وێرسێیمەر دەگەڕێتەوە کاتێک لە ساڵی 1920 بۆنی ناوداری کۆکۆ شانێڵی لە پاریس بەرهەم هێنا.

ئەو خێزانەش خاوەنی 45 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارن.

  1. خێزانی دوماس

خاوەنی کۆمپانیای هێرمیسن کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1800 دەگەڕێتەوە.

هێرمیس کەلوپەلی جوانکاری گرانبەهای وەک جانتا و کاتژمێر دەفرۆشێت.

خاوەنی 49 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارن.

  1. خێزانەکانی ڤان دامێ ، سپۆیلبێرخ و دێ مێڤیۆس

ئەو سێ خێزانە بەلجیکییە خاوەنی کۆمپانیای (ئانهایزەر – بوش ئاینبیڤ)ن کە کاریان بەرهەمێنانی بیرەی تایبەتی خۆیانە.

خاوەنی 54 ملیار و 100 ملیۆن دۆلارن.

  1. خێزانی مارس

شۆکۆلات، خواردن، خواردنەوەی جیاواز بەرهەم دەهێنن و گشتیان براندی ناودارن. ئەم خێزانە خەڵکی وڵاتی ئەمەریکان.

خاوەنی 89 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارن

  1. خێزانی کۆچ

هەردوو برا چارلس و دەیڤد کۆچ سوودیان لە کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی باوکیان وەرگرت و بازرگانییەکەیان گەورەکرد، ئێستا لە بوارەکانی نەوت، پاڵاوتن و بەرهەمە کیمیایەکان کار دەکەن.

خاوەنی 98 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارن

  1. خێزانی واڵتۆن

 سام و بود کۆمپانیای واڵمارتیان لە ساڵی 1962 دامەزراند. دواتر زنجیرە مارکێتەکانی واڵمارت بووە براندێکی جیهانی و لەلایەن خێزانی واڵمارت بەڕێوەدەبردرێن.

خاوەنی 151 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارن.

H.J