لە ھەولێر گەنجێك باوكی دەكوژێت و دایكی بریندار دەكات

"بكوژەكە خۆی لەسەربان فڕێداوەتە خوارەوە و بریندارە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە شاری ھەولێر گەنجێك باوكی دەكوژێت و دایكیشی بریندار دەكات، دواتر خۆی لەسەر بانی خانووەكەیان فڕێدەداتە خوارەوە و خۆشی بریندارە.

رائید ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "لە رووداوێكدا لە گەڕەكی ھەڤاڵانی شاری ھەولێر گەنجێك باوكی دەكوژێت و دایكیشی بریندار دەكات، پاشان چەند چەقۆیەك لە خۆی دەدات و خۆی لەسەر بان فڕێدەداتە خوارەوە و خۆشی بریندارە و ئێستا لەگەڵ دایكی لە نەخۆشخانەن".

روونیكردەوە: "ئەو گەنجە نەخۆشی دەروونی درێژخایەنی ھەبووە و ویستوویەتی دایك و باوكی بكوژێت، بەڵام دایكی لە مردن رزگاری بووە و بە سەختی برینداربووە، ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر نەشتەرگەریدایە".

گوتیشی: "ئێستا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە، بەڵام بەپێی گوتەی دایكی ئەو گەنجە نەخۆشی دەروونی ھەبووە".

رائید ھۆگر عەزیز، ئەوەشی خستەڕوو: "باس لەوە دەكرێت، كە پێشتریش كوڕێكی ئەو ماڵە لە وڵاتی ھۆڵەندا خۆی كوشتووە، بەڵام ھێشتا زانیاری دروستمان لەبەر دەست نییە و ناتوانین ئەو دەنگۆیە وەك راستی لە قەڵەم بدەین، ئێستا سەرەتای رووداوەكەی و قسە و باسی زۆر دەكرێت".

یەكێك لە دراوسێكانی ئەو ماڵە بە كوردستان24 گوت: "ئەو ماڵە لە دەرەوەی وڵات دەژین و ھەندێك جار بەسەردان دێنەوە كوردستان و لە خانووەكەی خۆیان نیشتەجێ دەبن كە ئەو رووداوەی لێ رووداوە، زۆرجار تەنھا ئەو ژن و پیاوە دەھاتنەوە، بەڵام ئەمجارەیان كە ماوەی 10 رۆژ دەبێت ھاتوونەتەوە ئەو كوڕەیان لەگەڵ خۆیان ھێناوەتەوە، دەگوترێت ئەو كوڕە نەخۆشی دەروونی ھەبووە، بەڵام من چونكە دەوامم ھەیە ھیچ كات لەبەر دەرگا نەمبینیووە، ئەمڕۆ كە بەسەر رووداوەكە گەیشتم، پێدەچوو دایكی كوڕەكە نێوبژیوانی كردبێت، لەنێو خوێنەكە كەوتبوو، كوڕەكەشیان ھەوڵی خۆ لەناوبردنیدا و چەقۆی لەخۆیدا دواتر لەسەر بانی خانووەكەیان خۆی فڕێدایە خوارەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە وەك دراوسێی تائێستا ھەستمان نەكردووە ئەو ماڵە ھیچ كێشەیەكیان ھەبێت".

ھ.م