کۆسرەت رەسوڵ و محەمەد حاجی مەحموود جەخت لە پاراستنی كەركووك دەكەنەوە
K24 - ھەولێر
كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان، جەختیان لە یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكان و پاراستنی كەركووك كردەوە.
بە گوێرەی سكرتێری رۆژنامەوانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێت، لە دیدارێكیداندا لە كەركووك ئەمڕۆ ھەر یەك لە كۆسرەت رەسوڵ و محەمەد حاجی مەحموود، تاوتوێی ئەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆییان كرد و دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لە کوردستان و جەختیان لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان ھەمیشە بۆ گەیشتن بە مافە دیموکراسییەکانی درێغی نەکردووە.
ھەر لەو دیدارەدا ھەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە دەبێ وەك ھەمیشە پێشمەرگە لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بێ و رۆڵی باشتریش لە جارانی ھەبێ.
ئەوەشخراوەتەروو، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەیان قسەکردن بوو لەسەر ئەگەرەکانی داھاتووی ناوچەکە بەگشتی و کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دیكە بەتایبەتی، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێ زۆر زیاتر لە جاران کورد کۆدەنگ و یەکدەنگ بێت و سەرجەم ئەگەرەکانی بەردەم کورد بە یەکدەنگی باشتر ئامانجەکە دەپێکێ.