سه‌رۆك بارزانی: خه‌ڵكی كوردستان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ قوربانیدانیان به‌ فیڕۆ ناچێت

پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی "گوڵان" په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە، كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هه‌روه‌ها هاتووه‌: "ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پێزانینم بۆ رۆڵ و ماندووبوون و ئاوارەیی و گیانفیدایی هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانانە هەیە، كە بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلی كوردستان دروست كرد. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان.

شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان و سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە.

پەیامی شۆڕشی گوڵان كە لە بیست و شەشی ئایاری 1976ـدا هەڵگیرسا، پەیامی بەردەوامی و كۆڵنەدان و پێداگری بوو لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و درێژكراوەی شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو بۆ راپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و هەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە هەر هەمووی دەستكەوتی گرانبەهان و بە خوێن و فرمێسك و هاتوونەتە دی.

لەیادی چل و چوارەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت.

مسعود بارزانی

25ـی 5ـی 2020