به‌شى فارسيى ده‌كرێته‌وه و ديزاينى وێبسايتى كوردستان 24 نوێ ده‌بێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
بەشی فارسیی ماڵپەڕی کوردستان 24 ده‌كرێته‌وه و ديزاينى سايته‌كه‌ش گۆڕانكارى و نوێبوونه‌وه‌ى تێدا ده‌كرێت.
به‌شى فارسى هەوڵدەدات فارسی زمانەکانی ئێران و ئەفغانستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست به رووداو و پێشهاته سیاسی و ئابوورییه‌كانی كوردستان ئاشنا بكات و ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی راستگۆی گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان بۆیان.
دامه‌زراوه‌ی کوردستان24 بۆ راگه‌یاندن و توێژینه‌وه، رۆژى 16ى ته‌مموز 2017 بەشی فارسیی ده‌خاته ناو زمانه‌كانی ديكه‌ی ماڵپەڕه‌کەی.
وێبسایتی كوردستان24 ئێستا بە هه‌ردوو شێوه‌زاری کوردی (سۆرانی) و (كرمانجی ژوروو) و زمانه‌كانی ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی هەواڵ و زانیارییەکان بڵاو دەكاته‌وه، له سبه‌ينێشه‌وه ده‌توانن له رێگه‌ی به‌شی فارسی ماڵپه‌ڕه‌كه‌وه (www.kurdistan24.net/fa) ئاگاداری هه‌واڵ و گۆڕانكارییه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهانبن.
بە هۆی دراوسێتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ڵكه‌وتنی به‌شێكی گرنگی كوردستان له چوارچێوه‌ی سنووری ئه‌و دوڵه‌ته دراوسێیه و بوونی په‌یوندییه‌كی قووڵی كلتوری، مێژویی، سیاسی، ئابووری و گه‌شتياریی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، كردنه‌وه‌ی به‌شی فارسی له ماڵپه‌ری كوردستان24 ده‌بێته پێگه‌یه‌كی دیكه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و رووداوه‌كان، له ناوچه‌یه‌كدا كه ئێستا خاڵێكی گه‌رمی سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانه.
كوردستان 24 نزيكه‌ى ساڵێك ده‌بێت ئۆفيسى له تارانى پايته‌ختى كۆمارى ئيسلامى ئێران كردووه‌ته‌وه و رووماڵى رووداوه‌كانى تاران ده‌كات له چوارچێوه‌ى ئه‌و رێوشوێنانه‌ى له لايه‌ن كۆمارى ئيسلامييه‌وه بۆ ميدياكان دياريكراوه.
كوردستان24 له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كاركردنی له 31/10/2015 وه بووه‌ته ناوه‌ندێكی دیاری په‌خش و بڵاوكردنه‌وه و ته‌نانه‌ت له زۆر رووداو و پێشهاتدا بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌واڵه‌كانی میدیا و ئاژانسه‌كانی جیهان.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی كوردستان24 پێگه‌ی فه‌رمی دامه‌زراوه‌یه‌كی راگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌یه و خاوه‌نی "كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی كوردستان24 و رادیۆی كوردستان24"ـیشه، بۆیه پوخته‌یه‌كی به‌شی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی به تایبه‌تی ته‌له‌ڤیزیۆن له (ڤیدیۆ و پاكێج و بڕگه و دیدار و لێدوانه گرنگه‌كانی)، جارێكی دیكه بۆ بینه‌ر و خوێنه‌رانی فارسی‌زمان بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌خاته به‌رده‌ستیان.
كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه له چوارچێوه‌ی بایه‌خدانی دامه‌زراوه‌كه‌یه به زمانی فارسی و گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌كان به شێوازێكی راسته‌قینه و پرۆفیشناڵانه، بۆ خوێنه‌ر و بینه‌رانی، تا راستیی رووداوه‌كانیان وه‌ك خۆی پێبگات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ديزاينى وێبسايتى كوردستان 24 نوێ ده‌كرێته‌وه و له‌وه‌شدا ره‌چاوى ورده‌كارى و جوانكارى و بايه‌خدان به حه‌ز و خولياى سه‌ردانيكارانى دراوه و به‌و په‌ڕى پرۆفێشناڵێتى و ورده‌كارييه‌وه كار بۆ ئه‌وه كراوه، ديزاينى سه‌ره‌كى وێبسايته‌كه له‌گه‌ڵ خواست و ويستى سه‌ردانيكارانيدا بگونجێت.