پۆڵهندا.. بڵاوكردنهوهی یەکەمین توێژینەوەی زانستی دەربارەی باخچەی کوردی
K24 - ههولێر:
کاردۆ نوورهدین کهریم، قوتابی دکتۆرا لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی پۆزنان-پۆڵەندا، توانی له بوارێکی ناوازەدا، به پلهی نایاب، تويژینەوەی دکتۆراکەی تەواو بکات و بیسهلمێنێ، كه گوڵهكانی شلێر، شیلان، کنێر و نێرگز... هتد کوردستانین و ناوی كوردستان دەچێتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی، کە خاوەنی باخچەی ڕووەکی (Botanical Garden)ـی تایبەت بە خۆیانن.
توێژینەوەکە دۆکیۆمێنتکردنی باخچەی ڕووەکیی کوردستانە لە نیو لیستی باخچەی ڕووەکە جیهانییەکان، وەک باخچەی ڕووەکیی (ژاپۆنی، ئینگلیزی، عوسمانی، ئیتاڵی و ئيرانی...هتد). لەمەودوا و له ریگهی ئهم توێژینهوهیه، باخچەی ڕووەکی کوردستانیش، ناوی دەچێتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی، کە خاوەنی باخچەی ڕووەکی (Botanical Garden)ـی تایبەت بە خۆیانن.
تويژینەوەکە پشتی بە باخچەی ڕووەکی هەولێر بهستووه، کە ئێستا بەردەستە و کار بۆ ئەوە دەکات نەهێڵيت چیدی ڕووەکە تایبەتەکانی کوردستان لەناوبچن و گەشەیان پێ دەدات.
لە کۆتایی توێژینەوەکەشدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت، کە باخچەی ڕووەکی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، كه لە باخچە ڕووەکییەکانی وڵاتانی تر، جیای دهكاتهوه. ئەم هەنگاوەش دەوڵەمەندیی جوگرافیا و ئاووهەوای کوردستان پیشان دەدات و نووسینی ئەم جۆرە توێژینەوانەش، وا دەکات هەموو جیهان گەواهی ئەوە بدهن، کە گوڵهكانی (شلێر، شیلان، کنێر و نێرگز... هتد.)، مۆرکی کوردایەتیان پێوەیە و بۆنی کوردستانیان لێ دێت.
لهبارهی ئهو ههوڵهی داویهتی، زیاد ڕەئووف، وەک نوينەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، دەستخۆشیی لە د. کاردۆ کردووه بۆ پیشاندانی جوانییەکانی کوردستان بە جیهان و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستووه.