ئازاد جونديانى: مەدرەسەی دژایەتی بارزانی شكستیهێنا

ئازاد جوندیانی: نابێت هیچ بیانوێك رێگە بە سەربەخۆیی كوردستان بگرێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان سیمینارێكی بۆ ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی راگەیاندنی یەكێتی (ئازاد جندیانی) ئەنجامداوە، كە تێیدا سەبارەت بە پرسی جیابوونەوە و پێكگەیشتنەوە لە ژیانی حزبایەتی كوردستاندا دواوە.

لە سیمینارەكەدا جندیانی بە فراوانی باسی لە چەندین زانیاری و بۆچوونی نەگوتراو كردووە لەسەر بابەتەكانی دژایەتی سیاسی و مەدرەسەكانی سیاسەت لە كوردستاندا، جگە لەوەش بابەتەكەی بەستۆتەوە بە دۆخی ئێستاوە كە سەربەخۆیی تێیدا بابەتێكی گەرموگوڕە.

لەبەشێكی قسەكانیدا جندیانی دەڵێت : قوتابخانەی ئیبراهیم ئەحمەد بەرامبەر قوتابخانەی بارزانی، ململانێ و ناکۆکی زۆری لێکەوتەوە. بەڵام دواجار ئەو مەدرەسەیە شكستی خوارد و سەرنەكەوت.

لەبارەی دۆخی سلێمانی بەهۆی ئەنجامەكانی سیاسەتكردن لەو شارەدا جندیانی دەڵێت: دەکرێت ئێستا ئاماژە بەوە بدرێت قوتابخانەی سلێمانی بۆ سیاسەت گەیشتووه‌تە کۆتایی خۆی.

دەشڵێت: دەکرا مەدرەسەی سلێمانی بە دیاردەی نوێوە و بە دوو چاوی سیاسی (مام جەلال و نەوشیروان موستەفا) بەردەوامی و گەشەی پێدرابا. بەڵام دەبێت بە راشکاوی بڵێم ئەو ئاژاوەی لە سلێمانی هەیە پەلەقاژەی کۆتایی قوتابخانەیەکە.

لەبارەی بیانووەكانی بەردەم سەربەخۆیی دەڵێت: لەم بارودۆخەدا و لە رەوشێکی گرنگ و ناسکی وەکو ئەمڕۆدا، کە دابڕان بەجۆرێکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بوونی هەیە، زۆرجار باس لەوە دەکرێت بۆ پەڕینەوە بەرەو سەربەخۆیی و ریفراندۆم، پێویستە دەزگا یاساییەکانی وڵات (وەکو پەرلەمان) شەرعییەت بدەن بە پرۆسەکە، بەڵام بەمشێوەیە نیە، چونکە وڵات هەبووە دامودەزگای شەرعی هەر نەبووە و بەسەربەخۆییشدا تێپەڕبووە.

گوتيشى: فیدل کاسترۆ و ماوتسیتۆنگ و خومەینی و دەیان نمونەی دیکە بە بێ دەزگا شەرعییەکان سەربەخۆیی و شۆڕشیان بەرپاکرد. بۆیە دیسکۆرسی بە مەرج زانینی کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی گفتوگۆیەکی بێ کەڵک و زیادە. شەڕی ئێستا سەپاندنی ئیرادە و ململانێی حزبییە نەک شەڕی دیموکراتی و شەرعییەت.

جندیانی لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەڵێـت: گۆڕان تووشی شکست و ئاژاوەی نێوخۆیی دەبێت و دەبێت بچنەوە سەر شەقام، چونکە ئەمە تاکە رێگەی ناچارانەی ئەو حزبەیە، ئەوکاتە دۆخی سلێمانی بەرەو شڵەژان دەچێت، بۆیە پێویستە بە هەنگاوی خێرا و بە پەلە و لەسەریەک سلێمانی بخرێتە نێو خزمەت و هاوکاریی سەربەخۆیی کوردستانەوە.

لە بارەى مێژووى حزبە سیاسییەکانى سلێمانى راشیگەیاندووە: لە بەرئەنجامدا زیانی گەورە لەو قوتابخانەیە نوێیە كەوتەوە، كە تێیدا وزەی زیندووی ناوچەی سلێمانی و بەشێكی گرنگی كوردستانی لە كۆمەڵێك پرۆسەی سیاسی هەڵە و پڕ لە كەموكوڕیدا بەفیڕۆدا.

لەلایەکی دیکەوە لە رووی گرنگی پەیوەندیی ئاشتیانەی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ کوردستان جندیانی گوتى: شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی بوو بە شەڕێکی سەرتاسەری، بەڵام شەڕی پارتی و یەکێتی بەجیا لەگەڵ هەر حزبێکی دیکە نە دەبۆ سەرتاسەری، لەبەر ئەم خاڵەیە ئاماژە بە قسەیەکی مام جەلال دەدەم کە هەمیشە پێیدەگوتین "بە تێکچوونی پەیوەندیی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حزبە بچووکەکان، کوردستان وێران نابێت، بەڵام هەرکات یەکێتی و پارتی رووبەڕووی یەکتری ببنەوە کوردستان تووشی کارەسات دەبێت".

لەبارەی رەوشی سیاسی سلێمانیشەوە جندیانی دەڵێت: سلێمانی لە کۆندا ناوەندێک بووە جێگەی شانازی و خەونی مرۆڤی کورد بووە، زۆربەی کورد روویان لە سلێمانی بوو، بەڵام بزووتنەوە سیاسییەکانی سلێمانی لە مێژووی نوێدا ئەم راستییەیان گۆڕی، جاران هەموو تاکگەلی دانیشتووی سلێمانی بە شانازییەوە شوناسی خۆیان بە شاری سلێمانییەوە دەبەستەوە، بەڵام هەنووکە لە سلێمانیدا، هێندەی پەنا دەبرێتە بەر ئەوەی تاکەکەس خۆی بە خەڵکی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمانی بناسێنێت، ئەوەندە هەوڵ نادات خۆی وەکو سلێمانی پیشانبدات. لەم گۆڕانەدا نەوشیروان موستەفا رۆڵی بەرچاوی هەبوو، کە پێیوابوو ئەسپی سیاسی نوێی ئەو بە دوو کردار تاو دەدرێت، یەکەمیان: تەفروتوناکردنی تەواوی یەکێتی و دووەمیان : بەربەرەکانیکردنی رەهای بارزانی. ئەمەش مێژووەکەی لە شەستەکانەوە دەستیپێکردبوو، ئەم کێشە قوڵ و ململانێیانەی ئێستا هەن دەرهاویشتەی سەردەمی ئەوکاتن.