سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ھەواڵێك لەبارەی سەردانی بارزانی بۆ كەركووك رەتدەكاتەوە

"ھیچ لێدوانێكم لەبارەی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ كەركووك نەداوە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، ھەواڵێك لەبارەی سەردانی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كەركووك رەتدەكاتەوە و دەڵێت "ھیچ لێدوانێكی رۆژنامەوانیم نەداوە، كەچی ھەندێك كەناڵی راگەیاندن بەناوی منەوە ھەواڵێكیان بڵاوكردووەتەوە و گوتویانە سەرۆك بارزانی سەردانی كەركووك دەكات".

ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "لە ھەندێك كەناڵی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە كە گوایە ئەمڕۆ من لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رامگەیاندووە، سەرۆك بارزانی سەردانی كەركووك دەكات، سەر لەبەری ئەم ھەواڵە ناڕاستە و رەتیدەكەینەوە، من لێدوانی لەم شێوەم بۆ ھیچ میدیایەك نەداوە، لە كاتێكدا ئەم زانیاریانە لە زاری من بڵاوكراوەتەوە من ئەمڕۆ ھیچ لێدوانێكم بۆ میدیاكان نەداوە تا باسی ئەو سەردانەی سەرۆك بارزانی كرابێت، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم كە ئەو ھەواڵە راست نییە".