تای خوێنبەربوون كوشتارگەكان دادەخات

ژمارەیەك ھاووڵاتی عێراق گیانیان لەدەستداوە
kurdistan24.net

K24 - مووسڵ

بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق، جگە لە پێدانی رێنماییە تەندروستییەكان بە ھاووڵاتیان، لە زۆربەی شارەكانیش ئیجرائاتی ئیداری دەستیپێكردووە، لە شاری مووسڵیش بڕیاری داخستنی كوشتارگە (قەسابخانە) بێ مۆڵەت و نا یاساییەكان درا. خاوەن كوشتارگەكانیش داوا دەكەن كوشتارگەكان بكرێنەوە.

خالید حوسێن، یەكێكە لە خاوەن كوشتارگەكانی مووسڵ بە كوردستان24 راگەیاند: "ھۆكاری داخستنی كوشتارگەكان لە مووسڵ تای خوێنبەربوونە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، بۆ دڵنیابوون لە پاكوخاوێنی سەردانمان بكەن، دەكرێت تەندروستی خشتەیەكمان پێبدات وەك رێنمایی بۆ سەربڕینی ئاژەڵان، بۆ ئەوەی ھەموومان پێیەوە پابند بین".

یەكێكی دیكە لە گۆشت فرۆشانی مووسڵ بەناوی توفیق سالم، دەڵێت: "داوا لە پارێزگار دەكەین ھاوكاریمان بكات، چونكە ژیانی ئێمەش لەسەر ئەو كوشتارگانەیە".

داخستنی كوشتارگەكان لە شارەكانی عێراق، دوای ئەوە دێت، كە بەھۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە عێراق زیاتر لە 5 كەس گیانیان لەدەستداوە، تەندروستی عێراقیش رایگەیاندووە، ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.

ھ.م