كرێنشینانی گوندی كۆری داوای قەرەبوو دەكەن

زیاتر لە چوار ھەزار كەس خانوویان پێنەدراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ژمارەیەك ھاووڵاتیی دانیشتووی ھەولێر لە خۆپیشاندانێكدا رایانگەیاند، ماوەی پێنج ساڵە ناوی خۆیان لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی كۆری تۆمار كردووە و پارەیان داوە، بەڵام تا ئێستا خانووەكەیان پێنەدراوە و قەرەبووش نەكراونەتەوە.

پیشتر بە بڕیارێكی حكوومەت، چوار ھەزار یەكەی ئەو پڕۆژەیە راگیراون و بڕیاریش دراوه‌ بە بڕی 7 ھەزار دۆلار و پێدانی پارچە زەوییەك، قەرەبووی كرێنشینان بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا كاتی وەرگرتنی قەرەبووەكە دیار نەكراوە،.لە گردبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، كرێنشینان داوا دەكەن كاتی قەرەبووكردنەوەیان دیار بكرێت.

نوێنەری خۆپیشاندەران بە كوردستان24 راگەیاند: "داوا لە حكوومەت دەكەین گوێ لە داواكەمان بگرێت، چەندین جارە ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بەڵام گوێمان لێنەگیراوە. ئێمە كاتی خۆی كە پارەمان دا بۆ وەرگرتنی خانووەكان، بۆ ئەوەمان بوو لە كرێچیێتی رزگارمان بێت. كه‌چی ئێستا دەچینە ھەر شوێنێك وەڵامان نادەنەوە".