دیارترین ئەو ھەڵبژارده‌ بەھێزانەی له‌ مێژوودا به‌ ده‌ردی ئیتاڵیا چوون

ئه‌و 7 هه‌ڵبژارده‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌هۆی نه‌گه‌یشتنیان بۆ مۆندیال جیهانیان شۆك كردووه‌

 ئیتاڵیا یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده‌ نییه‌ له‌ مێژوودا تووشی ئه‌و شۆكه‌ گه‌وره‌ بێت و نه‌توانێت بلیتی مۆندیالی 2018ـی رووسیا ببڕێت، پێشتریش چه‌ندان هه‌ڵبژارده‌ی دیكه‌ی گه‌وره‌ هه‌مان ئازار و تاڵاوی سه‌رنه‌كه‌وتنان بۆ مۆندیال چه‌شتووه‌، له‌م راپۆرته‌دا دیارترین ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ به‌ده‌ردی ئیتاڵیا چوونه‌.

1ـ ئینگلتەڕا، ھەڵبژاردەی سێ شێرەکە، لە ساڵی 1970 ـ تا 1980 ئازار و ده‌رده‌سه‌رییه‌كی زۆری بینی و له‌ نێوان ئه‌م ماوه‌یه ته‌نیا به‌شداریی له‌ مۆندیالی ١٩٧٤ كرد، له‌ ساڵی 1994ـیش ئینگلیزه‌كان بە رابەرایەتی راھێنەر گراھام تایلۆر دیسان له‌ گه‌یشتن به‌ مۆندیال شكستیان هێنا، کە پێشووتریش لە یۆرۆی 1992 لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەرکرابوون.

2ـ ھۆڵەندا، ساڵی 1986 کە خاوەنی نەوەیەکی زێرین بوو لەو سەردەمە، وەک یاریزانان پرته‌قاڵییه‌كان خاوه‌نی رۆدی گۆلێت، مارکۆ ڤان باستن و فرانک رێکارد بوون کەچی نەیتوانی لە نێو گەورەکانی جیھان جێگەی خۆی بکاتەوە، جارێکیتر ساڵی 2002 بەھەمان شێوە سەرەڕای بوونی چەندان ئەستێرە لە ریزه‌كانی هۆڵه‌ندا، بەڵام سەرکەوتوونەبوون له‌ كاتێكدا خاوەنی (ئێدگار داڤیدز، سیدۆرف، یاپ ستام، مارک ئۆڤەر مارس و نیستەلرۆی بوو، بەڵام خەونی یارییکردنیان لە مۆندیالی کۆریا و ژاپۆن لە دەستدا.

3ـ فره‌نسا، ساڵی 1994 بەھۆی ئیسرائیل و بولگاریا و ئاستنزمی ئێریک کانتۆنا، داڤید جینۆلا و دیدیە دیشامپ شکستیان ھێنا لە گەیشتن بە مۆندیالی ئەمریکای ئەو ساڵە، دواتر لە 1998 برینه‌كانیان ساریژ كرد و بوونە پاڵەوانی مۆندیال.

4- پورتوگال، لە 1998 بە نەوەیەکی ئاڵتوونیەوە کە ئەستێرەی وەک لویس فیگۆ، رۆی کۆشتا و جواو بینتۆ و لە ریزەکانی ھەڵبژاردەکەدا بوون، کەچی نەیانتوانی بەشداری لە مۆندیالی فرەنسا بکەن، چونکە لە کۆمەڵەکەی خۆی لە خانەی سێیەم دەھات لە دوای ئەڵمانیا و ئۆکرانیا.

5ـ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، لە 1978 دوای ئەوەی لە کۆمەڵەی نۆیەم دابوو لە پاڵاوتنەکان لە دوای هه‌نگاریا دەھات، كه‌چی نەیتوانی بگاته‌ مۆندیال، به‌مه‌ش جیھان بە سەرنەکەوتنی سەرسام بوو، له‌ كاتێكدا خاوه‌نی به‌هێزترین پێكهاته‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بووه‌.

6ـ ئه‌مریكا، لە ھەردوو مۆندیاڵی 1990 و 2018 پێی نەکرا بگاتە یارییەکانی کۆتای ئەم دوو پاڵه‌وانێتیه‌ جیھانیه‌، له‌ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی رووسیا نه‌یتوانی لە نێو 6 ھەڵبژاردەی کۆنکاکاف کە کێبرکێی گەیشتنیان دەکرد بۆ وڵاته‌ ساردەکە تەنانەت خانەی چوارەمی کۆمەڵەکەشی وەربگرێت.

7ـ سكۆتلاندا، دوای ئەوەی ساڵی 1967 یانه‌ی سێلتیک توانی ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بباتەوە، جیھان چاوەڕێی دەکرد لە مۆندیالی 1970 سکۆتلاند ئامادە بێت، بەڵام شینپۆشەکان نەیانتوانی بگەنە مۆندیال.

ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم

دیمه‌نی خه‌مناكی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا به‌هۆی نه‌گه‌یشتنیان بۆ مۆندیالی 2018ـی رووسیا
دیمه‌نی خه‌مناكی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا به‌هۆی نه‌گه‌یشتنیان بۆ مۆندیالی 2018ـی رووسیا