باکووری کوردستان ئالتان تان: پێویسته هه‌ده‌په‌ به‌ هه‌ڵه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ بڵێت هه‌ڵه‌یه‌

ئالتان تان: پێویسته هه‌ده‌په‌ به‌ هه‌ڵه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ بڵێت هه‌ڵه‌یه‌

K24 – هه‌ولێر

ئالتان تان په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاند پرسی كورد گه‌وره‌ترین كێشه‌ی توركیایه‌ و پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ چه‌كه‌كانی بێ ده‌نگ بكات و ده‌ست به‌ پرۆسه‌یه‌كی نوێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ په‌یامی  ئۆجه‌لان له‌ نه‌ورۆزی 2013 كرد.

ئالتان تان له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند پێویسته‌ هه‌ده‌په‌ به‌ هه‌ڵه‌كانی په‌كه‌كه‌ بڵێت هه‌ڵه‌یه‌ و  سیاسه‌تی خۆی جێبه‌جێ بكات.

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ به‌ ئاماژه‌پێدان به‌ گرتنی په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاند به‌م گرتنه‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی توركیایه‌، گه‌یانده‌ ئاستێك كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كریت و ئێستا ئاكه‌په‌ و ئه‌ردۆغان به‌ چاوێكی ئه‌منی سه‌یری كێشه‌ی كورد ده‌كه‌ن و ده‌ستیان به‌ گرتن و نه‌هێشتنی ته‌واوی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی په‌كه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ كردووه‌ و سیاسه‌تی نه‌هێشتنیان گرتووه‌ته‌ به‌ر. پێشی وایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كێشه‌ی كورد له‌ ناو ناچێت.

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا باس له‌ لێدوانیكی راوێژكاری پێشووی میت ئه‌مره‌ تانه‌ر له‌ كۆمیسیۆنی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌رله‌مان كرد كه‌ گوتبووی 30 ملیۆن كورد بێ ده‌وڵه‌تن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌وروپا مه‌كه‌دۆنیا، سلۆڤانیا و كۆسۆڤۆ به‌ دوو ملیۆن كه‌سه‌وه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تن، پێویسته‌ كۆماری توركیا له‌م روانینه‌وه‌ سه‌یری پرسه‌كه‌ بكات و پێویسته‌ له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ مافی ره‌وا و ماقول و مرۆڤی و ئیسلامی و ویژدانی بۆ كورد پێشكه‌ش بكات

 هه‌ر له‌مباره‌وه‌ گوتی توركیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرسی ئه‌منی هیچی پرۆژه‌یه‌كی دیموكراسی بۆ پرسی كورد نییه‌ و باس له‌ بوونی چه‌ندین جۆر له‌ چه‌كداری سه‌ر به‌ حكومه‌ت له‌ پارێزگا كوردییه‌كانی شرنه‌ح، مێردین و باتمان و جوڵه‌مێرگ ده‌كات كه‌ به‌ قوروجو به‌ناو كراون.

له‌باره‌ی هه‌ڵویستی توركیا سه‌باره‌ت به‌ كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان گوتی حكومه‌ت ده‌ڵێت به‌دوای په‌یه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌ نه‌كه‌ون، ئه‌دی چی بكه‌ن و به‌ دوای كێ بكه‌ون، هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان روون نییه ‌، له‌باره‌ی ئۆتۆنۆمی، خوه‌به‌ڕێوه‌به‌ری، سیسته‌می ویلایه‌ت و فیدراسیۆن چی ده‌ڵێت؟ بۆ ئه‌م پرسه‌ وه‌ڵامی نییه‌. پێشی وایه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی توركیا زیانی بۆ هه‌موو لایه‌نێك له‌ كورد و تورك و عه‌ره‌ب و ئه‌وانه‌ی دیكه‌شی هه‌یه‌.