پارتی و یەکێتی ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد

کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا

K24 – هه‌ولێر:

دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتەبێژی هەردوولا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "هەماهەنگی پارتی و یەکێتی گرنگە و لە کۆبوونەوەکە باسمان لە کێشەکانی کەرکووک و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کردووە. دەبێت پەلەش بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت".

ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە بڕیارەکانی پێکهێنانی حکوومەت بچنە قۆناغی کرداریی و پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەشی لێکتێگەشتن پێکدەهێنن".

لای خۆیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، گووتی: "کێشەکانی پارتی و یەکێتی زەق نبوون، بەڵکو گەورە کراون".

راشیگەیاند: "دەبێت پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکی سیاسیی هاوبەشیان هەبێت و هەماهەنگی هەردوولا سوودی بۆ کوردستان دەبێت".

لەوەڵامی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: "نزیکبوو کێشەکان زاڵ بن بەسەرمانا، بەڵام پێشمان بەو بارە ناهەموارە گرتوو و گەڕاینەوە سەر مێزی گفتوگۆ".

هەردوولا سووربوون لەسەر ئەوەی هەماهەنگی و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی کەرکووک و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان.