به‌هۆی شانازینه‌كردن به‌ عێراقیبوونیه‌وه‌ پێشكه‌شكارێك میوانه‌ كورده‌كه‌ی ده‌رده‌كات

كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانە
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

عه‌دنان مه‌نسوور، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی نوسینگەی مادەی ۱٤٠ لەو سنوورە، له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی عه‌ره‌ب‌ له‌ كه‌ناڵێكی عێراقی به‌ ناوی "هنا بغداد" ده‌رباره‌ی بارودۆخی كه‌ركووك و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ قسه‌ ده‌كات كه‌ رژێمی سه‌دام حسێن به‌سه‌ر كوردیدا هێناوه‌و حكومه‌تی ئێستای عیراقیش به‌ میراتگری ئه‌و رژێمه‌ ده‌زانێت و ده‌ڵێت: "ئێوه‌ له‌ كۆشكه‌كانی سه‌دام دانیشتوون و قه‌ره‌بووی كوه‌یت ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام هه‌مان سیاسه‌تی سه‌دام به‌رامبه‌ر كورد په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن".

ده‌رباره‌ی شاری كه‌ركووك ده‌ڵێت : "كه‌ركووك عیراقی نییه‌ و به‌ڵكو وڵاته‌كه‌م له‌ لایه‌ن عێراق و توركیا و ئێران و سووریا داگیركراوه‌".

له‌و كاته‌دا پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌ كه‌ ناوی "عه‌لی موهه‌نا" یه‌ پێی ده‌ڵێت "شه‌ره‌فمه‌ند نیت كه‌ عێراقیت و شانازی به‌ عێراقیبوونی خۆته‌وه‌ ناكه‌یت؟".

له‌ وه‌ڵامدا عه‌دنان مه‌نسوور پێی ده‌ڵێت: "نه‌خێر عێراقی نیم و ماوه‌ی 56 ساڵه‌ به‌ زۆر وڵاتینامه‌ی عیراقیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووم و هیچ كاتێك شانازیم به‌ عێراقیبوونی خۆمه‌وه‌ نه‌كردووه‌".

ئه‌و كاته‌ی عه‌دنان مه‌نسوور ده‌ڵێت "نه‌خێر شانازی ناكه‌م به‌ عیراقیبوونی خۆم".

پێشكه‌شكاره‌كه‌ ده‌ڵێت "سوپاس ئێمه‌ش شه‌ره‌فمه‌ند نین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كه‌سێك بكه‌ین كه‌ شه‌ره‌فمه‌ند نییه‌ به‌وه‌ی عیراقییه‌ ".