فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا چاودێریی هەموو جۆرە ڕێككەوتن و دانوستاندنێكی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن

سەرۆك بارزانی لەگه‌ڵ هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا كۆده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

هه‌ر دوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە عێراق نیگەرانیی خۆیان  بەرانبەر گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ده‌رده‌بڕی و له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی رایانگه‌یاندووه‌: "هەڵگری پەیامی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتەكانیانن بۆ خەڵكی كوردستان".

ڕۆژی دووشەممە 30ـی 10ـی 2017 له‌ دیدارێكی نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا و روونۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و كوردستان و دوایین گۆڕانكارییەكان و پەلاماردانی هێزەكای حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقی بۆ سەر كوردستان تاوتوێ كراوه‌.

هەر لەو دیدارەدا هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا جەختیان لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان كردووە و ڕایانگەیاند: " لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخەكە و هەموو جۆرە ڕێككەوتن و دانوستاندنی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن و هیوایان خواست كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت".

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا و فەڕەنسای كرد و لە وتەیەكدا بارودۆخی مەیدانی و دوایین پێشهاتەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان باس كرد.

پەیوەست بە گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە "سیاسەتی هەرێم دیالۆگ و گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانە بە شێوەیەكی ئاشتیانە، بەڵام ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە زمانی شەڕ و هەڕەشە و خۆسەپاندن و شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردستان، ئەوە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە كەرامەت و شكۆی كوردستان دەكەن".  سەرۆك بارزانی ئیجرائات و شەڕفرۆشتنی حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانی بە نایاسایی و نادەستووری وەسف كرد و ڕایگەیاند: "بەپێی دەستوور بە هیچ شێوەیەك نابێ هێزی سەربازی بۆ ناكۆكی سیاسی و لەدژی گەلی كوردستان بەكار بهێندرێت، ئێمە لەگەڵ خوێنڕشتن نین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشڕەوی و نیەتی خەراپی حكوومەتی عێراق وای كرد كە پێشمەرگە بەرگری بكات و شەڕ بكات".