رۆژنامه‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی بڕیاری لادانی په‌یكه‌ره‌كه‌ی مام جه‌لال ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
په‌یكه‌ری مام جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق، ته‌نها دوای چه‌ند كاتژمێرێك له دانانی له نزیك قه‌ڵای كه‌ركووك، هه‌ڵگیراو مشتومڕێكی زۆریشی به دوای خۆیدا هێناوه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط"، لادانی په‌یكه‌ره‌كه‌ی مام جه‌لال له‌و شوێنه، كه قه‌ڵای كه‌ركووكه و نزیكی ته‌كیه‌ی تاڵه‌بانییه، به بیانووی وه‌رنه‌گرتی ره‌زامه‌ندی پێشوه‌خته‌یه، به‌ڵام به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌و بیانووانه ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
لیوا روكن میعه‌ن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌كان له كه‌ركووك بۆ رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "په‌یكه‌ره‌كه به‌بێ وه‌رگرتنی هیچ ره‌زامه‌ندییه‌كی فه‌رمی دانراوه، به‌بێ زانیاری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، هه‌روه‌ها ره‌زامه‌ندی مه‌رجه‌عه‌كانی باڵای به‌غدا‌ش وه‌رنه‌گیراوه، مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له كه‌ركووك ئاگادار نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتیكی تاكه كه‌سی بووه له‌لایه‌ن عه‌قیدێكی پۆلیسی كه‌ركووك له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ریك".
سه‌عدی ده‌شڵێت: "تاڵه‌بانی سه‌رۆكی پێشووی عێراق و هێمایه‌كی دیاری وڵاته و كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و خۆشه‌ویسته له‌لایه‌ن هه‌موو عێراقییه‌كانه‌وه، به جیاوازی نه‌ته‌وه و ئایینه‌وه"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دانانی په‌یكه‌ری كه‌سایه‌تییه‌كی له‌و ئاسته، له‌و شوێنه‌دا گونجاو نییه و پێویسته پیش‌تر ره‌زامه‌ندی ته‌واوی لایه‌نه‌كان وه‌ربگیرێت و په‌یكه‌رێكی شایسته به ئاماده‌بوونی لایه‌نه سیاسییه‌كان و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان بێت و رێوڕه‌سمێكی شكۆداری بۆ بكرێت".
شوان داودی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی رۆشنبیری و راگه‌یاندن له په‌رله‌كانی عێراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌و پاساوانه‌ی لایه‌نه فه‌رمییه‌كان ده‌یهێننه‌وه، هیچیان له جێگه‌ی خۆیدا نین و به‌شێكن له چیرۆكه‌كه، پرسه‌كه په‌یوه‌ندی به وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندییه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به مامه‌ڵه‌كردنی به‌غداوه هه‌یه له‌گه‌ڵ كه‌ركووك".
داودی ده‌ڵێت: "چیرۆكه‌كه له رووخساردا پێده‌چێت بڕواپێهێن بێت، چ له رووی شێوازی ده‌ربڕینه‌وه، یان ئه‌گه‌ری نه‌بوونی ره‌زامه‌ندی یونیسكۆ له‌سه‌ر دانانی په‌یكه‌ره‌كه له‌و شوێنه، چونكه قه‌ڵای كه‌ركووك شوێنێكی مێژوویی و كولتوورییه، به‌ڵام لایه‌نه نادیاره‌كه‌ی رووداوه‌كه ئه‌وه‌یه، به‌غدا ده‌ڵێ له كه‌ركووك یاسا ده‌سه‌پێنین، به‌ڵام له‌راستیدا ته‌نها كه‌ركووكی له‌ژێر هه‌ژموونی كوردی هێناوه‌ته ده‌رێ، ئه‌گه‌رنا پێشێلكارییه‌كان له كه‌ركووك دوو هێنده زیادییان كردووه".
شوان داودی له باره‌ی سه‌رچاوه‌ی بڕیاری لادانی په‌یكه‌ره‌كه ده‌ڵێت: "بڕیاری لابردنی په‌یكه‌ره‌كه به فه‌رمانی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، حه‌یده‌ر عه‌بادی بووه، له‌ژێر پاساوی ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه كولتورییه و یونیسكۆ رێگه‌نادات و پێویستی به وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی هه‌یه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هیواداربووین به شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه كرابا، له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی تاڵه‌بانی بگونجێت كه پێشكه‌شی عێراقی كردووه".
داودی ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی روویدا، سووكایه‌تییه به پێكهاته‌ی كورد، ناچاربووین په‌یكه‌ره‌كه بگوازینه‌وه باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له كه‌ركووك، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌ینه شێوازێكی گونجاو بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دانانی په‌یكه‌ره‌كه له داهاتوودا".
مه‌حموود عوسمان، سیاسه‌توانی دیاری كورد و هاوڕێی تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "رووداوه‌كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد ته‌واوی هه‌ژموونی خۆی له كه‌ركووك له‌ده‌ستداوه، به چاوپۆشین له‌وه‌ی كه چۆن په‌یكه‌ره‌كه هێنراوه‌ته خواره‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "رووداوه‌كه ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش ره‌هه‌ندی عێراقییه، ئێستا له عێراق هه‌موو شتێك شێواوه، واتا هه‌موو شتێك ده‌كرێ بچێته چوارچێوه‌ی كێبڕكێ سیاسییه‌كان، ته‌نانه‌ت په‌یكه‌رێكیش".
هه‌فته‌ی رابردوو په‌یكه‌ری مام جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق، ته‌نها دوای چه‌ند كاتژمێرێك له دانانی له نزیك قه‌ڵای كه‌ركووك هه‌ڵگیرا و هێزه عێراقییه‌كان له كه‌ركووك رایانگه‌یاند، ره‌زامه‌ندی بۆ دانانی په‌یكه‌ره‌كه وه‌رنه‌گیراوه.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی كه‌ركووك له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كان و میلیشیا شیعییه‌كان به هاوكاری چه‌ند به‌رپرسێكی دیاریكراو، دژایه‌تیكردنی پێكهاته‌ی كورد له شاره‌كه به‌رده‌وامه و ناوه ناوه‌ش هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی گه‌نجانی كورد ده‌ستپێده‌كه‌ن، تا ئێستاش نه‌توانراوه دۆخی سه‌قامگیری ئه‌و ناوچانه به ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵ بكرێن.
ا. م