ليژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ده‌ستبه‌كار بوون

ماوەی هەفتەیەکیان لە بەردەمە بۆ تەواو کردنی کارەکانیان
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

لیژنەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستیان بە کارەکانیان کرد و ماوەی هەفتەیەکیان لە بەردەمە بۆ تەواو کردنی کارەکانیان.

ئەو لیژنانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا درووستكراون بۆ ئەوەی روپێوی بكەن بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ئێستا كارەكانیان ئەنجام دەدەن.

لیژنەکان ماوەی هەفتەیه‌کیان لە بەردەمە بۆ تەواوکردنی کارەکانیان.

لە پارێزگای دیالە روپێوییەکە دەستیپێکردووە  دوای دیالە له‌ کەرکووک و دواتر له‌ مووسڵ و مەخمووریش روپێویەکە دەکەن.

وەزارتی پێشمەرگە پرۆژەیەکی ئامادە کردووە دوای تەواوکردنی کاری لیژنەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری چۆنیەتی گەڕانەوەکەی دەداتە حکوومەتی عێراق.

بەڵام تا ئێستا دیار نیە کاری هاوبەشی  پێشمەرگە و سوپای عێراق چۆن دەبێت.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆن ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە تەواوی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بە تایبەت سنووری دەشتی نەینەوا،  ئەو شوێنانەش چالاکی داعش زیادی کردووە و دڵەڕاوکی لای خەڵکەکەی درووستکردووە ئەمەش وایکردووە داوای هەرێمی سەربەخۆ بکەن.

رۆژ بەرۆژ داعش لە ناوچە کوردستانیيەکان چالاکيیەکانی فراوانتر دەکات و سوپا و حەشدی شەعبی  و هێزە ئەمنيیەکانی دیکە توانای رووبەڕووبوونەوەی  داعشیان نیە و بەپێى قسەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی بەرگری عێراق دانی بەوەدا ناو ناتوانن ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ شنگال، چه‌كدار جه‌مال بۆچوونى هاووڵاتيانى سه‌باره‌ت به‌ ئاساییبوونەوەی ره‌وشى ناوچە كوردستانییەكان و گەڕانەوەی پێشمەرگە وه‌رگرتووه‌.

له‌و ميانه‌يه‌دا، ئاوارەكانی شنگال پێشوازی لەو ھەنگاوە دەكەن و رایدەگەیەنن، بە گەڕانەوەی پێشمەرگە گونده‌كانيان ئاوەدان دەبنەوە و ئارامی و سەقامگیرییان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش رێگە لەبەردەم گەڕانەوەیان خۆش دەكات و بەو شێوەیەش شنگال ئاوەدان دەبێتەوە.