تورکیا سوپای نیشتیمانی لە سووریا دروست دەکات

هێزەکانی نزیک لە تورکیا لە ژێر یەک چەتر کۆدەکرێنەوە

دروستکردنی سوپایەک بە ناوی "سوپای نیشتیمانی" لە سووریا لەلایەن تورکیاوە ئاستەنگ بۆ بەشار ئەسەد دروست دەکات.

تورکیا لە رێگای بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و چەکدارە یاخییەکان، دەیەوێت سوپایەکی نوێ دروستبکات تاکو بەرگری لەو شوێنانە بکەن کە هێزەکانی نزیک لە تورکیا لە سووریا کۆنتڕۆڵیانکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو تەواوی خاکی سووریا دەخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سووریاوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆڵی تورکیا لە سووریا زیاد لە یارمەتیدانی چەند چەکدارێکە، بەڵکو لە چەند ناوچەیەکی سووریا لانی کەم پێنج لقی نووسینگەی پۆستەی تورکی کردۆتەوە.

هەیسەم ئافیسی، سەرۆکی سوپا نوێکە، دروستکردنی "سوپای نیشتیمانی" ناشارێتەوە و دەڵێت: "دروستکردنی ئەو سوپایە ئاسان نەبووە، ئێمە لە سەرەتاین، رەنگە دووچاری ئاستەنگ ببینەوە بەڵام هەوڵ دەدەین بەسەریاندا سەربکەوین".

بەشار ئەسەد بە هاوکاری رووسیا  و ئێران، لە سەرکەوتنی هەمیشەیی نزیکە و لە ئێستاشدا کاریگەرترین و بەهێزترین هێزی سووریایە، تورکیاش دەیەوێت هەژموونی خۆی لە سووریا بپارێزێت و رێگە نەدات ئەسەد ببێتەوە سەرۆکی سەرانسەری سووریا.

H.J