دهنگدهران لهچارەنووسی ھاوپەیمانێتی لایهنه ناڕازییهكان دهپرسن
K24 - سلێمانی:
لە سەرو بەندی كۆبوونهوهكانی ئەم خوولە نوێیەی پەرلەمانی عێراقدا، چوار لایەنە ناڕازيیەکەی ھەرێم، کە پێکھاتبوون لە گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپهروهری، بڕیاری پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیان دا بۆھەماھەنگی و کاری ھاوبەش، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و پرسیاری ھاووڵاتیان و دەنگدەرانیانە، چارەنووسی ئەو ھاوپەیمانێتیە چی لێ بەسەرھات؟
لە کۆبوونەوەیەكدا، بە ئومێدێکی زۆرەوە بڕیاری پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیاندا، ئەوان بڕیاریاندا لە بەغدا پێکەوەبن و لەگەڵ یەکێتی و پارتی کاری ھاوبەش نەکەن، كهچی ئێستا له بهغدا نه پێکەوەن و نە لەگەڵ یەکێتی و پارتیش، نهشیانتوانیوه لە ژێر چەتری ئەو ھاوپەیمانێتیەدا بەردێک بخەنە سەر بەردێک.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە، کۆمەڵێک لەمپەر ھاتووهتە بەردەم کاری ئەو ھاوپەیمانێتیە، کە دیارترینیان بەرژەوەندی حزبی و موزایەدهی سیاسیە.
گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی سیاسی چەند ڕۆژی ڕابردوو، زۆر شتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان گۆڕی، بە بڕوای چاودێرێکی سیاسی بەشێکی زۆری ئەو گۆڕانکارییە کاریگەريی ڕاستەوخۆی ھەبووە لە سەر کاری هاوبهشی ئەو چوار لایەنە، ھاوکات سوێند نهخواردن و بایکۆتکردنی چەند كۆبوونهوهیهكی پەرلەمانی عێراقیش لە لایەن كاندیده دهرچووهكانی گۆڕانەوە یەکێکی دیکەیە لە ھۆکارەکان.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی کۆکن لە سەر ئەوەی چوار لایەنە ناڕازيیەکە، ئێستا بوون بە سێ لایەن، پێشبینی دەکرێت، پاش گەڕانەوەی بەرھەم ساڵًح بۆ نێو ڕیزەکانی یەکێتی ئەو دوو کورسیەی کە حزبە پێشوەکەی لە بەغدا بەدەستی ھێنا، بیکاتە خەڵات بۆ یەکێتی، ھەرچەندە ھاوپەیمانی ئەوکارەی ڕەتکردووهتەوە، بەڵام ڕەنگە لە کۆتاییدا دووکورسيیەکەی ھاوپەیمانی ببێته موڵکی یەکێتی.
ئ. م