"عێراق له‌ بڕی سوپاس به‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌رده‌كات"

عێراق.. پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌برێته‌ په‌رله‌مان

K24 - هه‌ولێر:

هەریەک لە هاوپەیمانێتی فەتح، دەوڵەتی یاسا و حزبی فەزیلە لە هەوڵدان لەڕێگەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان، پڕۆژە یاسایەك بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و تەواوی هێزە بیانییەکان لە عێراق ئامادە بکەن.

سەرچاوەیەکی سیاسيیش ئاماژەی بەوەداوە، بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوو پڕۆژە یاساکە ئامادەبێت و 150 پەرلەمانتاریش لەگەڵ پڕۆژە یاساکەن.

هاوکات هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە توویتێکدا نووسیویەتی، لایەنە شیعەکان لەبری سوپاسکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر دەرکردنی داعش لە وڵاتەکەیان، ئامادەکاری بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسایەك بۆ دەرکردنی ئەو هێزە دەکەن.

سێ لایەنی شیعی لەڕێگەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، ئامادەکاری بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە دەکەن، بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەش سەرۆکوەزیران پابەند بە دەرکردنی ئەو هێزانە لە کۆتایی ساڵی 2019 دەکات.

سەرچاوەیەکی سیاسی لە هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری رایگەیاندووە، هەریەك لە هاوپەیمانێتی فەتح، دەوڵەتی یاسا و حزبی فەزیلە لە ؤێگەی فراکسیۆنەکانیان ئامادەکاری بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاساکە دەکەن، هەروەها هاوپەیمانێتی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر دژایەتی پڕۆژە یاساکە ناکات.

سەرچاوەکە روونیکردووەتەوە، 150 پەرلەمانتار پشتیوانی لەگەڵ داڕشتنی پڕۆژەیاساکە ده‌كه‌نن، بەڵام هەندێک لایەنی دیکە تێبینیان لەسەر پڕۆژەکە هەیە، هەروەها پڕۆژەکە لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئامادە دەبێت.

هاوکات رەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی وەتەنییە لەبارەی پڕۆژەیاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق رایگەیاندووە، بۆچوونێك لە پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە هەیە، پێشبینیش دەکرێت بەمزووانە پڕۆژەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد سەعدی، ئەندامی رەوتی مەدەنی، پڕۆژەکە بە پڕۆژەیەکی ئێرانی پێناسە دەکات و جەختیشدەکاتەوە، ئامانج لەو کارەی سێ لایەنە شیعەکە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.

بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، لە ساڵی 2011 هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پاشەکشەیانکرد، بەڵام بەهۆی هاتنی داعش بۆ ئەو وڵاتە و کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەك، جارێکی دیکە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە عێراق.

ئ. م