یه‌په‌گه‌ هۆكاری كشانه‌وه‌یان له‌ عه‌فرین ئاشكرا ده‌كات

هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات: عه‌فرین بۆتان ئارام نابێت

K24 - هه‌ولێر:

یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یەپەگە) رایگەیاند، توركیا ئامادەكاری كۆمەڵكوژیی خەڵكی سڤیێلی دەكرد بۆیە ئەوان بە راوێژ و بڕیاری خەڵكی عەفرین لە شارەكە كشاونەتەوە.

نووری مەحموود، گوتەبێژی یەپەگە بە میدیایەكی نزیك لە پەیەدەی راگەیاندووە، توركیا و گرووپەكانی دیكەی وەك بەرەی نوسرە، بە چەك و تانكی زلھێزان ھێرش دەكەنە سەر خەڵكی سڤیل و لە كاتێكدا ئەوان نزیكەی دوو مانگ بەرگرییان كرد، ئەوەیان تێبینی كرد كە ئامادەكاری كۆمەڵكوژییەكی گەورە دەكرێت و بە ھەموو شێوەیەك ناوەندی عەفرین بۆردومان كرا.

روونیشی ده‌كاته‌وه‌، لەپێناو رێگری لە كۆمەڵكوژی لە شارەكە كشاونەتەوە، بەلام ئەو دەڵێت "یەپەگە دەستی بە قۆناخێكی نوێی چالاكییەكانی دژی توركیا كردووە و بە تەكتیكی نوێ بەردەوام دەبن".

گوتەبێژی یەپەگە پەنجەی تۆمەت بۆ رووسیا درێژ دەكات و بە تاوانباری سەرەكیی دەزانێت لە داگیركردنی عەفرین بەو پێیەی گڵۆپی سەوزی بۆ ھەڵكردووە و ئاسمانی سووریای بە روودا كردووەتەوە.

هه‌روه‌ها رایگەیاند، عەفرین نابێتە شوێنێكی ئارام بۆ توركیا، بەرگریكردنمان لەو شارە بەردەوام دەبێت و تا عەفرین رزگار نەكەین ناوەستین.

دوای 58 رۆژ به‌رده‌وام بوونی سوپای توركیا، له‌ ئۆپه‌راسیۆنی چڵه‌ زه‌یتوون، دواجار له‌ 18ی ئایار/ مایۆ 2018، داگیركرا و له‌و ماوه‌یه‌شدا، به‌ هۆی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا، نزیكه‌ی 290 هاووڵاتی سڤیل شه‌هید و 680ی دیكه‌ش برینداربوون.

 

ا. م