بەفەرمی.. یانەکانی هەولێر و سلێمانی ناتوانن بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بکەن

هەفتەی داهاتوو وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوە دەچێت

K24- هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بڕیاری دا وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بە بەشداریی 20 یانە ئەنجام بدرێت، بەمەش یانەکانی هەولێر و سلێمانی ناتوانن بەشداریی خولەکە بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە کەربەلا بڕیاری دا وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوە بچێت، لەکاتێکدا پێشتر وابڕیاربوو خولەکە بەسەر دوو کۆمەڵە دابەش بکرێت و 26 تا 28 یانە بەشداریی خولەکە بکەن.

سەرەتای ئەم مانگە یانەکانی ناسریە و موسڵ بۆ ریزی یانە نایابەکان سەرخران و ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە یانەکانی لێکەوتەوە و 14 یانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەڕەشەیان کرد ئەگەر خولەکە بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوە نەچێت، ئەوا پاشەکشە لە خولەکە دەکەن، لە کاتێکدا بەشێک لە یانەکان بە بڕیار بۆ ریزی یانە نایابەکان سەرخرانەوە، کە یانەکانی هەولێر و سلێمانی بەشێک بوون لەو یانانە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری داوە رۆژی پێنجشەممە تیروپشک بۆ وەرزی نوێی خولەکە بە بەشداریی 20 یانە بکات و رۆژی 29ی ئەم مانگەش یەکەم گەڕی وەرزی نوێی خولەکە دەستپێدەکات. خولەکە بە دوو قۆناخی بەڕێوە دەچێت و دوو یانە دادەبەزنە ریزی یانە پلە یەکەکان و دوو یانەش لە ریزی یانە پلە یەکەکان بۆ ریزی یانە نایابەکان سەردەکەون.

یانەی زاخۆ تاکە یانەی کوردستان دەبێت مافی بەشداریکردنی لە خولەکە دەبێت، چونکە وەرزی رابردوو یانەی زاخۆ تا کۆتایی بەشداریی لە خولەکە کرد و دانەبەزییە ریزی یانە پلە یەکەکان.