خەڵكی گوندەژۆر پەیامێك ئاراستەی پەكەكە دەكەن

"پەكەكە بارودۆخەكەی بە دەرفەت زانیووە"
kurdistan24.net

K24 - چۆمان

دوای رووداوەكەی گوندەژۆر لە باڵەكایەتی، پەكەكە وەك دەرفەتێك ھێزەكانی لەو سنوورانە زیاد دەكات و لەو شوێنانە جێگیر دەكات كە پێشتر حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانی لێبوو، شاندێكی گوندەژۆریش سەردانی پەكەكەیان كردووە و داوایان لێكردون ھێزەكانیان بكێشنەوە و بارودۆخی خەڵكی ناوچەكە لەبەرچاو بگرن.

عەلی سەلمان، كەسایەتی دەڤەری باڵەكایەتی بە كوردستان24 گوت: "دوای رووداوە نەخوازراوەكەی گوندەژۆر، پەكەكە ھێزی لەناوچەكە زیادكردووە، شاندێك سەردانی ھێزەكانی پەكەكەمان كردو داوامان لێكردن بارەگاكانیان لەوێ بگوازنەوە بەتایبەتی ئێستا كە ئەو گوندە تووشی رووداوێكی جەرگبڕبووە ناكرێ بە دەرفەت بزانن".

گوتیشی: "ھێزەكانی پەكەكە گوتیان داواكەتان دەگەیەنینە سەرووی خۆمان، ئێمەش چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، ئەگەر وەڵامەكەش نەرێنی بوو جارێكی دیكە وەڵامیان دەدەینەوە".

رۆژی ھەینی رابردوو 25 ئابی2017، گرژی كەوتە نێوان پێشمەرگەكانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و خەڵكی گوندەژۆر، لە ئەنجامدا 2 ھاووڵاتی گوندەكە كوژران و دووی دیكەش برینداربوون، دوای ئەوەش خەڵكی باڵەكایەتی بارەگای حزەبەكانی رۆژھەڵاتیان لە سنوورەكە سوتاند.