"پێش راگه‌یاندنی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای سه‌رۆك بارزانی"

"سه‌رۆك بارزانی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ و ته‌وافوق و هاوسه‌نگی ده‌وێت"

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه‌ فه‌رمی عێراقی، له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15/10/2018، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، پێش ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی كابینه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رابگه‌یه‌نێت. بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌شداری كورد و پۆسته‌كانی له‌ حكوومه‌تی نوێدا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی كۆده‌بێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ زاری شێروان دووپردانی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "هێشتا واده‌ی دیداره‌كه‌ دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر رۆشنایی راگه‌یاندنی به‌شداریكردن یان نه‌كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ حكوومه‌تی داهاتوودا ده‌بێت، پارتیش له‌و دۆسیه‌دا هه‌ڵوێستی روونه‌"

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "په‌یامه‌كه‌ روونه‌ و سه‌رۆك بارزانی له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش جێبه‌جێكردنی شه‌راكه‌تی نیشتمانی و ته‌وافوقه‌ له‌ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان و ره‌چاوكردنی هاوسه‌نگییه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا".

له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 14/10/2018  له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و عەممار حەکیم كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی ئیسلاح سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی کردبوو،، به‌چڕی گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی كراو و حه‌كیم داوایكرد، لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێته‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی بڵاوكرایه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌درابوو كه‌: "لە دیدارەكەدا شاندی میوان، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند و جەختیان کردەوە، کە عێراق پێویستی بە کردنەوەی پەڕەیەکی نوێی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن".

هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، "شاندی هاوپه‌یمانی ئیسلاح ڕایانگەیاند، ئەوان پێشتریش دووپاتیانكردووه‌ته‌وه‌، پشتیوانیی لەو سێ بنەمایە دەکەن کە سەرۆک بارزانی وەک بنچینەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا ناساندوویەتی، کە بریتین لە تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی".

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی، ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە شاندی میوانی راگەیاند، گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە، ئەوەی لای ئێمە گرینگە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانەیە کە لە ڕابردوودا بەرانبەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان کراوە، بۆ ئەوەش پێویستە میکانیزمی ڕوون و گەرەنتیی پابەندبوون بە شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوافق و هاوسەنگی هەبێت".