وەزارەتی پلاندانان بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانی هەرێم ئاشکرا دەکات

"جیا لە پڕۆژەی نوێ، پڕۆژە راگیراوەکانیش کارەکانیان دەستپێدەکەنەوە"

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2019 بڕی دوو ترلیۆن و شه‌ش سه‌د ملیار دیناری بۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان ته‌رخان كردووه‌.

رزگار فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانان بە کوردستان24ی راگەیاند: " له‌ دوای چاره‌سه‌ر بوونی كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان ئه‌م بودجه‌یه‌ ده‌گاته‌ ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان".

دەشڵیت: "بڕی یه‌ك ترلیۆنی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێیه‌ و بڕی یه‌ك ترلیۆن و 500 ملیار دیکەش بۆ پڕۆژه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كان ته‌رخان ده‌كرێت".

ئەو بەڕێوەبەرە لە بارەی ژمارەی پڕۆژەکان گووتی: "ئەو پارەیە بۆ سێ هەزار پڕۆژە لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم تەرخانکراوە".

لەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و هاتنی داعش بۆ عێراق، بەشێکی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێم لەکارخران، لە ئێستاشدا، داهاتووی زۆرێک لەو پڕۆژانە دەکەوێتە سەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان.

H.J