دوو وه‌زیری عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنیان له‌سه‌ره
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكرد، دوو وه‌زیری نوێی حكوومه‌تی عێراق پۆسته‌كانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به كه‌ناڵی "روسیا الیوم"ـی گوتووه: "ناكۆكی سیاسی هه‌یه و گفتوگۆ له به‌غدا به‌ڕێوه ده‌چێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د عوبه‌یدی، وه‌زیری وه‌رزش و لاوان بگۆڕن. ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی راپۆرته میدیاییه‌كان ئاماژه‌یان به تێوه‌گلانی له‌گه‌ڵ داعش كردبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نه‌عیم روبه‌یعی، وه‌زیری گه‌یاندن هه‌ڕه‌شه‌ی له كار لادان یان گۆڕێنی له‌سه‌ره".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "دۆسێی وه‌زیری گه‌یاندن په‌یوه‌سته به یاسای لێپێچینه‌وه‌و دادوه‌ری، یاساكه رێگه به‌و سه‌ركردانه نادات په‌یوه‌ندییان به حزبی به‌عس هه‌بووه تا پۆستی باڵا له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی وه‌ربگرن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌و كوتله‌یه‌ی وه‌زیری وه‌رزش و لاوان و وه‌زیری گه‌یاندنی پێشكه‌ش كردووه، پێویسته له‌سه‌ریان دوو كه‌سی دیكه بۆ شوێنی ئه‌و دوو كه‌سه پێشكه‌ش بكه‌ن.
ئه‌وه له كاتێكدایه ماوه‌ی دوو مانگه 8 وه‌زیری كابینه نوێیه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه سیاسییه‌كان پڕ نه‌كراونه‌ته‌وه.