کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانانی وڵاتانی ناتۆ لە لەندەن دەستی بەکارەکانی کرد

بەشداربوونی ئەوان لەو کۆبوونەوانەدا بۆ راوێژ و راگۆڕینەوەیە لەگەڵ پەرلەمانتارانی وڵاتانی رێکخراوی ناتۆ

K24 - له‌نده‌ن:

رۆژی شەممە 12ى تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019، کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، دەستی بەکارەکانی کرد.

لەو کۆبوونەوەدا کە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەشیر حەداد بەشدارە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان 24ی راگەیاند، بەشداربوونی ئەوان لەو کۆبوونەوانەدا بۆ راوێژ و راگۆڕینەوەیە لەگەڵ پەرلەمانتارانی وڵاتانی رێکخراوی ناتۆ سەبارەت بە کۆمەڵێك دۆسیە، لەوانەش دۆسیەی ئابووری و ئاسایش و سیاسی لە  ناوچەکە و جیهان.

لەو بارەیەوە دکتۆر ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی شاندەکە بە کوردستان 24 راگەیاند، بەشداربوونیان لەو کۆبوونەوەیەدا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هانی وڵاتانی بەشداربووی ئەو رێکخراوە بدەن بێنە عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و سەربازییەکانیان گەشە پێبدەن.