ئەمەریكا ھێزی زیاتر رەوانەی توركیا دەكات

"پێکھێنانی ناوەندی جموجۆڵی ھاوبەش دەستیپێکردووە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن رایدەگەیەنێت، بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا سەربازی زیاتر رەوانەی تورکیا دەکەن.

شۆن رۆبەرتسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە لێدوانێکیدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاند فەرماندە سەربازییەکانیان بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا لە شاری رحا لە گفتوگۆ و هەماهەنگیدان، لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی زیاتر سەرباز رەوانەی رحا دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا 90 سەربازی ئەمەریکا گەیشتنە شاری رحا.

لەلایەكی دیكە و پەیوەست بەو بابەتەوە. لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، کارەکانی پێکھێنانی ژێرخانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوامە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە بەھاتنی شاندێکی شەش کەسی ئەمەریکی بۆ شاری ئورفا، کارەکانی ژێرخانی پێکھێنانی ناوەندی جموجۆڵی ھاوبەش دەستیپێکردووە.

له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی ناوچه‌ی ئارام و پێكهێنانی ژوورێكی هاوبه‌ش له‌ لایه‌ن توركیا و ئه‌مەریكا، پسپۆڕان پێیان وایه‌، نا روونییه‌ك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مەریكا و توركیا به‌دیده‌كرێت. به‌شێكی پسپۆڕانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، رێككه‌وتنی ناوچه‌ی ئارام، هاوشێوه‌ی رێككه‌وتنی منبج بێ ئه‌نجام ده‌بێت.

ھ.م