پۆمپێیۆ: لەپێناو پاڵپشتیکردن لە حکومەتەکەی کازمی لە عێراقین

"هاوپەیمانییەک لەدژی ئێران پێکدەهێنین"

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێ، عێراقییەکان ئەو ویستەیان نیشانداوە پاشکۆی ئێران نەبن، دەشڵێ "بوونمان لە عێراق بەو ئامانجەیە پاڵپشتی لە حکومەتی کازمی بکەین بۆ بنیادنانی عێراقێکی گەشەسەندوو".

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-11-2020) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە سەبارەت بە مەلەفی عێراق و ئێران قسەی کردووە.

لەبارەی عێراق، پۆمپیۆ دەڵێ "واشنتن هەوڵدەدات ئارامی بچەسپێنێت و عێراقییەکانیش ئەو ویستەیان نیشانداوە پاشکۆی ئێران نەبن".

سەبارەت بە هۆکاری بوون یان مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاش لەسەر خاکی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند ئەمە "لەپێناو پاڵپشتیکردنە لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی".

کریستۆفەر میللـەر، وەزیری نوێی بەرگریی ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو هەتاوەکو مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، تەنیا 2500 سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان و 2500ـیش لە عێراق دەهێڵنەوە. ئێستا 3000 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق ماون، 4500ـیش لە ئەفغانستان.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەبارەت بەو رێوشوێنانەی دەکرێت ئەمەریکا لەدژی میلیشیاکانی ئێران لە عێراق بیانگرێتەبەر، پۆمپێیۆ تەنیا دەڵێ "ئەو رێوشوێنانە دواتر دیاریدەکرێن".

پۆمپێیۆ هەفتەی رابردوو دەستی بە زنجیرەیەک سەردان کردووە بۆ حەوت وڵات و سەرەتا بە فەرەنسا دەستیپێکرد، دواتر تورکیا، ئیسرائیل و ئیمارات، لە هەموو سەردانەکانیدا باسی مەلەفی ئێرانی کردووە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەماوەی چەند هەفتە بۆ مانگی داهاتوو، واشنتن سزای نوێ بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.

لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا پۆمپێیۆ ئاشکرای کردووە "ئیدارەی ئەمەریکا هاوپەیمانییەکی پێکهێناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لەچوارچێوەی ستراتیژییەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و، گوتیشی "هاوپەیمانییەک پێکدەهێنین بۆ ئەوەی رێگە لە ئێران بگرین ئارامیی ناوچەکە بشێوێنێت".

ئەم گوتانەی پۆمپێیۆ سەبارەت بە عێراق و ئێران لەکاتێکدان سوپای ئەمەریکا دوێنێ رایگەیاند، فڕۆکەی شەڕکەری جۆری B-52ـی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. راشیگەیاند ئامانج لە رەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە "بۆ وەڵامدانەوەی دووژمنان و پاراستنی هاوپەیمانەکانمانە".