ئەمەریکا: رێگا نادەین رژێمی سووریا جێگامان بگرێتەوە

پەیامێک ئاراستەی رژێمی سووریا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

جەمیس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، رەتیکردەوە رژێمی سووریا شوێنی هێزەکانی ئەمەریکا لە دوای کشانەوەیان بگرێتەوە.

جەیمس جێفری لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا گوتی: "ئەمەریکا بڕیارەکانی خۆی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا نەگۆڕیوە".

دەشڵێت: "واشنتن نایەوێت لە دوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکا، حکوومەتی سووریا ئەو شوێنانە کۆنتڕۆڵ بکات، کە ئەمەریکا چۆڵیان دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەریکا بە دڵنیاییه‌وه‌ سوپاکەی لە سووریا دەکشێنێتەوە، بەڵام کشانەوەکەی بە راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی دەکات.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە یارمەتیی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نزیکە لە تەواو شکستهێنان بە داعش، بە گوێرەی دوایین لێدوانی بەرپرسانی هەسەدە، داعش کەمتر لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەی بەدەست ماوە.

لە دوای راگەیاندنی شکستی یەکجاریی داعش، ئەگەر زۆرە ئەمەریکا سوپاکەی لە سووریا بکشێنێتەوە، بەمەش هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و بە تایبەت هەسەدە دەکەوێتە ژێر مەترسی داگیرکاریی، واشنتنیش دڵنیایی دەداتە ئەو هێزە زۆرینە کوردییە، کە دوای جەنگی داعش بە تەنها جێی ناهێڵێت.

Sputnik

H.J