وەزارەتی دارایی لەبارەی ھاتنی پارەكەی بەغدا روونكردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی وەڵامی پەرلەمانتارێك دەداتەوە

K24 - ھەولێر

لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی پەرلەمانتارێك دەداتەوە و روونكردنەوە لەبارەی ئەو بڕە پارە دەدات كە لە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران گەیشتووەتە ھەرێمی كوردستان.

لە روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی ھاتووە: "لە چاوپێكەوتنێكدا لە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا پەرلەمانتاری عێراق د.ڕێبوار كەریم رایگەیاندبوو "حكوومەتی هەرێم پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە لە بەغداوە هاتووە بۆ شتی تر خەرج كردووە و بەپێی زانیارییەكانمان داویانە بە پارەی وەبەرهێنەران"، وەك وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەمانەوەت ئەم چەند خاڵە بخەینە بەرچاوی ئەو پەرلەمانتارە و هاووڵاتیانی كوردستان كە ئەو پارەیە لەچیدا خەرج كراوە:.

وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت: "حكوومەتی ھەرێم مانگانە لە 5ی مانگەوە مووچەی دابەش كردوە و ئەم مانگە ئە و رۆژە كەوتە ھەینییەوە و دوو رۆژ دواكەوت".

لە خاڵێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "حكوومەتی بەغداد بۆ مانگی 1 و2/2019 بڕی 317 ملیار دیناری ناردوە بۆ ھەرێم و بەوەش مووچەی مانگی 10 و11ی ساڵی 2018ی پێدراوە بە سیستمی پاشەكەوت".

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە مانگی 3 دا بڕی 453 ملیار دینار ھات كە مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2018 ی پێدراو بێ پاشە كەوت كە مووچە بێ پاشەكەوت پێویستی بە 881 ملیار دینارە مانگانە و بڕی 200 ملیار دینار بۆ تەواوكاری مانگی 1 و 2 ھاتووە كە بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەرماڵە و فەرقی موچەی مووچەخۆران بەكار ھاتووەو بە ھیچ شێوەیەك بۆ ھیچ بابەتێكی تر بە كار نە ھاتووەو تەواوی ئەو قسە و ھەواڵە ناراستانە رەتدەكەینەوەو ھیچ بنە مایەكی نییە".

لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە: "مانگانە حكوومەتی ھەرێم لە نێوان 5 مانگ تا 25 مانگ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەكات و ئەم مانگەش 23/4 كۆتا رۆژی دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەیە".