بە بڕیاری خامنەیی ئێران ئاوی کوردستان و عێراقی گرتوەتەوە

حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو بە رووی عێراقدا گیراوەتەوە

K24- هه‌ولێر:

بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاوی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق راگیراوە و بڕیاریش نییە جارێکی دیکە خاکی عێراق بەو ئاوەی لە ئێرانەوە دەهات تەڕبێت.

پێشتر، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، سەرسامی خۆی بە بڕینی ئاوی عێراق لەلایەن ئێرانەوە نیشاندابوو کە ماوەی سێ ساڵ بەردەوامە.

رۆژی چوار شەممەی رابردوو، عەبادی لەبارەی بڕینی ئاوی عێراق لە لایەن ئێرانەوە رایگەیاند: "ئێران ناتوانێت ئەو ئاوە لە عێراق بگرێتەوە بێ ئەوەی هیچ رێککەوتنێک هەبێت".

عەلی موراد ئەکبەری، یاریدەدەری وەزیری کوشتوکاڵی ئێران، لەوبارەیەوە دەڵێت: "نزیکەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو بە رووی عێراقدا لە رۆژئاوا و باکووری ئەو وڵاتە بە فەرمانی رێبەری گشتی( عەلی خامنەیی) گیراوەتەوە".

عەلی موراد دەشڵێت: "هەشت ملیار دۆلار بۆ وەزارەتەکانی وزە و کشتوکاڵ  تەرخانکراوە تاکو بتوانن کۆنتڕۆڵی جوولەی ئەو ئاوە بکەن".

گرتنەوەی ئەو ئاوە کاریگەری لەسەر چەند شارێکی عێراق کردووە کە دیارترینیان شاری بەسرەیە. نەبوونی ئاوی خاوێن هەزارەها هاووڵاتی شاری بەسرەی رەوانەی نەخۆشخانەکان کردووە، ئەمەش جیا لەوەی زیانە کشتوکاڵییەکانیش زۆر گەورەن.

ئێران بڕیاریداوە ئەو بڕە ئاوە بۆ پرۆژەکانی خوزیستان و ئیلام بەکاربهێنێت کە پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵین.

پێشتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "ئێران رێرەوی رووباری کاروونی گۆڕیووە و سێ بەنداوی گەورەی دروستکردووە، کە ئەو رووبارە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی هەرێمی کوردستان و عێراقن".

سەرچاوە: شەرقلئەوسەت

H,J