حدكا مستەفا ھیجری ھەڵبژاردەوە

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران 16مین كۆنگرەی ئەنجامدا

K24 - ھەولێر

لە 16مین كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) مستەفا ھیجری، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان، وەكو لێپرسراوی گشتی ئەو حزبە ھەڵبژێردرایەوە.

16مین كۆنگرەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، درەنگانی شەوی رابردوو كۆتایی پێھات، میدیای فەرمی ئەو حزبە راگەیاند، كە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە مستەفا ھیجری، وەكو لێپرسراوی گشتی حدكا ھەڵبژێرایەوە.

ماڵپەڕی فەرمی حدكا ئاشكراشی كردووە، كۆنگرەی 16 حزبەكە لە ژێر ناوی (راسانی رۆژهەڵات) لە 20 ئەم مانگە دەستی بە كارەكانی كردووە و شەوی رابردوو كۆتایی پێھاتووە و گۆڕانكاری لە ھەیكەلی حزبەكە كراوە.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە كۆنگرەی 13 و لە ساڵی 2006 جیابوونەوەیەكی دیكەی تێكەوت، لەو جیابوونەوەیەدا زۆرینەی دەفتەری سیاسی بە سكرتێری مستەفا ھیجری، بەناوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) مانەوە و لایەنی ناڕازیش بە سەرۆكایەتی عەبدوڵڵا حەسەنزادە، حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)-یان دامەزران.

 مەستەفا ھیجری، چوار ساڵ پێش كۆنگرەی 13ی حدكا سكرتێری ئەو حزبە بوو، دوای جیابوونەوە لەو حزبەشدا لەسێ كۆنگرەی داھاتوودا وەكو سكرتێری حدكا ھەڵبژێردراوەتەوە، لەكۆنگرەی 16 كە درەنگانی شەوی رابردوو تەواو بوو، گۆڕانكاری لە ھەیكەلی حزبی دیموكراتی كوردستان كرا، بە زۆرینەی دەنگ پۆستی سكرتێری گشتی حزب بە لێپرسراوی گشتی حزب گۆڕدرا، ھاوكات ھەر بەزۆرینەی دەنگ مستەفا ھیجری، جارێكی دیكە وەكو لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ھەڵبژێردرایەوە.

H.M