داخستنی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆی راپەڕین كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

"سێ ساڵە خوێندكار لەم بەشە وەرنەگیراوە"

K24 – ھەولێر

زانكۆی راپەڕین بڕیاری داخستنی بەشی زمانی كوردی لە زانكۆكەیان داوە و ئەنجومەنی بەشی زمانی كوردی كۆلیژی بنەڕەت لە زانكۆكە رایدەگەیەنێت، نەبوونی ھەلی كار سەرجەم دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی گرتووەتەوە، كەچی بەم بیانووە دەست بۆ داخستنی بەشی زمانی كوردی دەبەن.

لە یاداشتێكدا ئەنجومەنی بەشی زمانی كوردی كۆلیژی بنەڕەت لە زانكۆی راپەڕین رایگەیاند: "جێگەی نیگەرانی ئێمەیە لەنێو بەرزترین شوێنی ئەكادیمی لە دەڤەری راپەڕین، لەبەرامبەر مۆنۆمێنتی شەھیدان، زانكۆی راپەڕین بەبیانووی نەبوونی ھەلی كار دەست بۆ داخستنی بەشی زمانی كوردی دەبات، لەكاتێكدا نەبوونی ھەلی كار سەرجەم دەرچووانی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانی گرتووەتەوە".

لەو یاداشتەدا ئاماژە بەوەشكراوە: "بەشی زمانی كوردی لە زانكۆی راپەڕین وێرای ھەبوونی ستافی وانەبێژی پسپۆر، ھۆڵی خوێندن، تاقیگەی كۆمپیوتەری، شوێنی گونجاو بۆ بەشەكە، خواستێكی زۆری خوێندكارانی دەرچووی ئامادەیی دەڤەرەكەی لەسەرە، بڕیاری داخستنی دراوە".

لە یاداشتەكە ئەوەشخراوەتەروو: "ئێمە وەك ئەكادیمییانی زمان و ئەدەبی كوردی لە بەشەكەدا راوسەرنجمان لێوەرنەگیراوە، بێ گەڕانەوە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی بەش لە ساڵی 2017ەوە لەژێر ناوی (ھەڵپەساردن) بۆ سێیەم ساڵە خوێندكار بۆ ئەم بەشە نانێردرێت".