پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق زیادكرا

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵه‌یه‌كی ناو بودجه‌ی راستكرده‌وه‌

K24 - ھەولێر

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌ڵه‌یه‌كی ناو پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی راستكرده‌وه‌و بەمەش پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق زیاد دەبێت.

مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راگه‌یه‌نراوێكی بڵاویكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "بە نووسراوێك داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه‌ له‌ دیاركردنی بودجه‌ی فریاكه‌وتندا هه‌یه‌ به‌وه‌ی له‌ جیاتی 2 ترلیۆن دینار بودجه‌كه‌ بكرێته‌ 3 ترلیۆن دینار".

ئاشكراكردووه‌: "دوای چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌، پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق ده‌بێته‌ 14%".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌: "سبه‌ی سێشه‌ممه‌، له‌ پەرله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی بودجه‌ی عێراق و پشكی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا و پەرله‌مانی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت".

ھ.م