برای بەرپرسێكی پارتی لە كەركووك كوژرا

لەنێو ئۆتۆمبێلێكی نەناسراو تەقەیان لێكرا

 K24 - كەركووك

شەوی رابردوو تەقە لە دوو برای بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەكرێت، یەكێكیان گولـلەی بەردەكەوێت گیان لە دەست دەدات و ئەوەی دیكەشیان بریندار دەبێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە گەڕەكی عەسكەری شاری كەركووك تەقە لە دوو براكرا بەناوەكانی ریاز و ئازاد، لە ئەنجامدا ریاز گیانی لە دەستدا و براكەشی برینداربوو".

گوتیشی: "ئەو دوو كەسە برای محەمەد خورشید، بەرپرسى رێكخراوى ئاشتى سەر بەناوچەی 5 دومیزی پارتی دیموكراتی كوردستانن و لەبەردەم ماڵەكەی خۆیان لەلایەن چەند كەسێك لەنێو ئۆتۆمبێلێكی نەناسراوە تەقەیان لێكراوە و دوای ئەوەی چەند گولـلەیەكیان بەردەكەوێت ریاز گیان لە دەست دەدات و ئازاد بریندار دەبێت".

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 تا ئێستا تاوانباران دەستگیر نەكراون و دەزگا ئەمنییەكانی شارەكەش بە فەرمی لێدوانی لەسەر رووداوەكە نەداوە.