"چه‌ك له رووسیا مه‌كڕن، چه‌ك به سعوودیه مه‌فرۆشن"
K24 - هه‌ولێر:
هیزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "واشنتن داوای له هاوبه‌شه بیانییه‌كانی كردووه پێویسته هیچ رێككه‌وتنێكی كڕینی چه‌ك له‌گه‌ڵ رووسیا ئه‌نجام نه‌ده‌ن و له بواری هاوكاری سه‌ربازی و ته‌كنیكی گرێبه‌ست واژۆ نه‌كه‌ن.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، هه‌ندێك وڵات ئێستا به‌كرده‌یی به به‌های 3 ملیار دۆلار مامه‌ڵه‌ی چه‌كیان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ راگرتووه و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سزایانه‌ی پیش‌تر به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بواری به‌رگریی رووسیدا سه‌پێنراوه.
رووسیا رێزبه‌ندی دووه‌می له بازاڕی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی چه‌ك هه‌یه و وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی ئه‌و وڵاته‌یش ده‌ڵێت "ئێستا به به‌های 47 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ چه‌ند ساڵی داهاتوو داوای چه‌كی رووسی كراوه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كۆماری ئیسلامی ئێران له فرۆشتنی چه‌كی ئه‌مریكی و ئه‌وروپی به سعوودیه‌ی ركابه‌ری نیگه‌رانه و له‌وباره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیران داوا له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ده‌كات به خێرایی فرۆشتنی چه‌ك به سعوودیه رابگرن.
به‌هرام قاسمی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له وه‌ڵامی هه‌ر دوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا كه نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی پرۆگرامه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئیران ده‌ربڕیبوو ده‌ڵێت: "ئه‌و نیگه‌رانییه‌تان هیچ پاساوێكی لۆژیكی نییه و تاران مووشه‌كی نه‌ناردووه‌ته یه‌مه‌ن، ئه‌وه پڕوپاگه‌نده و واهیمه و هیچ بنه‌مایه‌كی راستی نییه و چه‌ندین جاریش وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه".
قاسمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "هه‌موو جیهان به‌تایبه‌تی ئه‌و دوو وڵاته ده‌زانن گه‌لی یه‌مه‌ن گه‌مارۆدراوه‌و رووبه‌ڕووی برسێتی و ژیانێكی قورس كراونه‌ته‌وه و دووچاری چه‌ندین نه‌خۆشی بوون و رۆژانه سعوودیه و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆردوومانیان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له گه‌یشتنی هاوكارییه‌كانیش بێ به‌شكراون".
هه‌روه‌ها گووتی: "ئێمه داوا له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا چه‌كفرۆشتن به سعوودیه و ده‌ستدرێژیكاره‌كانی دیكه رابگرن، چونكه ئه‌و چه‌كانه بۆ كوشتنی بێتاوانه‌كان به‌كارده‌هێنرێن و ژن و منداڵ ده‌كه‌نه قوربانی و به‌و هۆیه‌وه هه‌ژاری و نه‌خۆشی زیاتر له یه‌مه‌ن بڵاوده‌كه‌نه‌وه".