قاسم سوله‌یمانی ره‌خنه‌ی به‌شێك له به‌رپرسانی ئێران له سیاسه‌ته‌كانی وڵاته‌كه ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئیران، عه‌لی خامنه‌یی ده‌ڵێت: "ده‌ستوه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی له كاروباری عێراق و سووریا پشت به به‌رژه‌وه‌ندی ده‌به‌ستێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه له كه‌سه نزیكه‌كانییه‌وه ره‌خنه‌ی لێگیراوه‌و لێیان پرسیوه، ده‌ڕۆن به‌رگریی له دیكتاتۆره‌كان ده‌كه‌ن؟".
قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له زاری رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی گواستووه‌ته‌وه‌و رۆژی دووشه‌ممه 21/8/2017 رایگه‌یاندووه "ئێران له ده‌روازه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیه‌وه ته‌ماشای سووریا ده‌كات، هه‌ر چه‌نده هه‌ندێك له به‌رپرسانی ئێران، سه‌رۆكی سووریا به دیكتاتۆر ده‌زانن.
سوله‌یمانی له كۆنگره‌ی 15ــی مزگه‌وته‌كان له شاری تارانی پایته‌خت ئه‌و قسانه‌ی كردووه‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێك له هاوڕێكانمان كه پایه و پۆستی بڵندیان له ئێران و ده‌ره‌وه وه‌رگرتووه ده‌ڵێن: ده‌ست وه‌رمه‌ده‌نه كاروباری سووریا و عێراق، ئێران بپارێزن و ئه‌وه‌ش به‌سه. ته‌نانه‌ت هه‌یانه گوتوویه‌تی: ده‌ڕۆن به‌رگری له دیكتاتۆره‌كان ده‌كه‌ن؟، به‌ڵام رێبه‌ری باڵا وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: كاتێك ته‌ماشای هه‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌ك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا درووست بكه‌ن، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كه‌ن ئایا دیكتاتۆره یان نا؟، ئێمه به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان ده‌پارێزین و له به‌رچاوی ده‌گرین".
ئێران به په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی مه‌زهه‌بی و درووستكردنی گرژی له ناوچه‌كه‌دا به ناوبانگه، جگه له‌وه‌ی به‌رپرسیارییه‌تی سه‌دان هه‌زار كوژراو و ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ی به‌هۆی پاڵپشتیكردنی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له ئه‌ستۆدایه.