لافاوی ئێران رووفاتی سه‌ربازێكی بێسه‌روشوێن ده‌گه‌ڕێنێته‌وه عێراق
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسانی پارێزگای میسانی باشووری عێراق رایانگه‌یاند، به هۆی ئه‌و لافاوه‌ی له‌و دیو سنووری ئێرانه‌وه هاتووه‌ته ناو عێراق، رووفاتی سه‌ربازێكی عێراقی هێناوه‌ته‌وه ناو خاكی وڵات، كه له شه‌ڕی هه‌شت ساڵه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، كوژراوه.
به گوێره‌ی زانیاریی میدیا عێراقییه‌كان، كه له زاری به‌رپرسانی میسان بڵاویان كردووه‌ته‌وه، لافاو رووفاتی ئه‌و سه‌ربازه‌ی هێناوه‌ته شاری شه‌رح له پارێزگای میسان، كه به هۆی ئه‌و ملوانكه كانزاییه‌ی له ملیدا بووه و ناوه‌كه‌ی له‌سه‌ر نووسرا بوو، ناسراوه‌ته‌وه.
سه‌ربازه‌كه ناوی "عه‌بدولئه‌میر حاجی جه‌بار جادری"یه، جگه له‌و ملوانكه كانزاییه، كاتژمێرێكی ده‌ستی، قه‌ڵه‌مێك و 3 پارچه دراوی كانزایی (10 فلوس)ی له‌ناو گیرفانی جله‌كانیدا مابوون، ئه‌گه‌رچی رووفاتی سه‌ربازه‌كه ته‌نها ئێسك و هه‌ندێك مووی سه‌ری و جله‌كانی ماوه‌ته‌وه.
دۆزینه‌وه‌ی رووفات
كوڕی مامی ئه‌و سه‌ربازه باس له‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ بارانی به‌خوڕ و لافاوی ئه‌م دواییه‌ی ئێران، رووفاتی ئه‌و سه‌ربازه ده‌ركه‌وتووه و هاتووه‌ته ناو خاكی عێراق و له ناوچه‌ی (عه‌ماره) دۆزراوه‌ته‌وه.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئێسك و پرووسكی سه‌ربازه‌كه به ته‌واوه‌تی مابوو و جله‌كانیشی وه‌كو خۆی بوون.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ناسیاوه‌كانمان له عه‌ماره‌وه په‌یوه‌ندییان پێوه كردین و پرسیان كه‌سێكتان هه‌یه به‌و ناوه، گوتمان به‌ڵێ ئه‌وه كوڕی ئێمه‌یه، دواتریش چووینه ئه‌وێ و هه‌واڵی بنكه‌ی پۆلیس درا و له‌وێوه راده‌ستی دادگای كه‌تن كرا، كه ده‌بێت ناسنامه‌ی سه‌ربازه‌كه دیاری بكات، ئینجا ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی كراوه بۆ پشكنینی DNA".
دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی رووفاته‌كه‌ی، كه هێشتا هه‌ندێك مووی سه‌ری مابوو و توانراوه له رێگه‌یه‌وه ناسنامه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی دیاری بكرێت، پرسه‌یان بۆ داناوه.
ئامۆزای سه‌ربازه‌كه باس له‌وه ده‌كات، یاده‌وه‌ریی سه‌ره‌تای سه‌ربازی "عه‌بدولئه‌میر"مان به‌بیرهاته‌وه، بیرمه چۆن "حه‌یده‌ر"ی كوڕی هه‌ڵده‌گرت و به‌ره‌و ئاسمان به‌رزی ده‌كرده‌وه، دواتریش كه چووه شه‌ڕ، ئیدی نه‌گه‌ڕایه‌وه.
عه‌بدولئه‌میر، له‌دایكبووی 1952 بوو و له شه‌ڕێكی نزیك شاری دزفولی ئێرانی نزیك سنوور، له 30/2/1982 بێسه‌رشوێن بوو، له هه‌مان شه‌ڕدا كوڕه مامێكی دیكه‌شیان بریندار بووه، به‌ڵام ئه‌و گه‌ڕایه‌وه، كه‌چی عه‌بدولئه‌میر هیچ هه‌واڵێكی نه‌بوو.
كوڕی سه‌ربازه بێسه‌روشوێنه‌كه
حه‌یده‌ر كوڕی عه‌بدولئه‌میر، كه ئێستا رووفاتی باوكی دۆزراوه‌ته‌وه، هه‌م دڵخۆشه و هه‌میش خه‌مبار، چونكه ساڵانێكی دوور و درێژه له نازی باوك بێبه‌شه و هه‌ستی نه‌كردووه باوكێكی هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا به‌لای كه‌مه‌وه گڵكۆیه‌ك هه‌یه و ناوی باوكی له‌سه‌ر نووسراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تاڵی ئه‌و هه‌موو ساڵه ژیانه له‌بیر ناكات، كه به‌بێ باوكی به‌سه‌ری بردووه.
حه‌یده‌ر له كۆتایی قسه‌كانیدا باس له ئومێد و هیوای دایكی ده‌كات، كه هیچ كاتێك بێهیوا نه‌بوو له گه‌ڕانه‌وه‌ی و ئه‌و هه‌موو ساڵه چاوه‌ڕوانی كرد.
سه‌رچاوه: میدیا عێراقییه‌كان
ئ. م