عێراق هەوڵی کڕینی مووشەکی ئێس400 دەدات

"عەبادی تیمێكی راسپاردووە"

K24 - ھەولێر

حكومەتی عێراق لە ھەوڵدایە بۆ كڕینی مووشەكی S400 لە رووسیا، بۆ ئەم مەبەستە عەبادی تیمێكی لە وەزارەتی بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی راسپارووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بكەن.

رۆژنامەی وەتەنی سعودی، لەزاری سەرچاوەیەك لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە: "حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تیمێکی لە وەزارەتی بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی راسپاردووە، لەبارەی کڕینی مووشەکی ئێس 400 گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکەن".

راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا پرسی کڕینی مووشەکی ئێس400 لە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی نێوان رووسیا، عێراق، ئێران و سووریا لە بەغدا باسکراوە".

 ئاماژەی بەوەشداوە: "بەرپرسانی ئەمریکا لە کڕینی مووشەکەکە لەلایەن عێراقەوە نیگەرانن".

ئەمە لەكاتێكدایە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەندین شار و ناوچەی عێراق بەھۆی شەڕی داعش وێرانكراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە، لە 12 ئەم مانگەشدا لە كوێت، كۆنگرەی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەڕێوەچوو، بڕی 30 ملیار دۆلار بە مەبەستی ئاوەدانكردنەوەی عێراق كۆكرایەوە.