لە بالکۆن و پەنجەرەکانەوە یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا دەکرێتەوە

بۆچی رۆبه‌رت شومان به‌ باوكی یه‌كێتی ئه‌وروپا داده‌نرێت؟

K24 - برۆكسل:

70 ساڵ بەسەر (رێکكەوتنامەی شومان) تێپەڕدەبێت، ئەو رێکكەوتنامەی لەسەر دەستی (رۆبەرت شومان) باوکی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا ئەنجامدراو بووە بەردی بناغەی  دروستبوونی یەکێتی ئەوروپا، كه‌  ئامانجه‌كه‌ی سەقامگیری و پێکەوەژیانی گەلانی ئەوروپا بوو.

جیاواز لەگەڵ ساڵانی رابردوودا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕیارە بەرپرسان و خەڵکی ئەوروپا، بەھەڵکردن یان ھەڵواسینی ئاڵای ئەوروپا بەپەنجەرە و باڵکۆنی ماڵەکانیان و لەرێگای ئۆنلاینەوە ئەو یادە بەرز ڕابگرن.

بەرپرسانی ئەوروپاش لەرێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بڵاوبکەنەوە.

ھەموو ساڵێك لەرۆژی 9ی ئایار کە بە رۆژی  ئەوروپا (Europe day) ناسراوە بەبۆنەی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا دەرگاکانی سەرجەم دام و دەزگاکانی ئەوروپا بەڕووی ھاووڵاتیانی ئاساییدا دەکرایەوە،  ھەموو کەس بێ بانگھێشتنامە دەیانتوانی بچنە ناوەوەی باڵەخانەکان، تەواوی ھۆڵەکانی کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکان و بەشەکانی تری یەکێتی ئەوروپا  لەنزیکەوە ببینن.

دام و دەزگاکانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا پێکھاتووە لەژمارەیەک باڵەخانە، گرینگترینیان کۆمیسیۆنی ئەوروپایە، کە واتای حکومەتی ئەوروپا دێت، ئەنجومەنی ئەوروپا، سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەندامن تێیدا، پەرلەمانی ئەوروپا، نەنوێنەرانی ھەڵبژێردراوی خەڵکی ئەوروپای تێدایە، کۆمیتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوروپا، کۆمیتەی ھەرێمەکان و چەندین باڵەخانەی دیكه‌ش لەخۆ دەگرێت، تەواوی باڵەخانەکانیش دەکەونە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا.

لەرۆژی 9ی ئایاری ساڵی 1950 رۆبەرت شومان، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا لەکۆبوونەوەیەکدا پلانێکی پێشکەشی 6 وڵات کرد و یەکیان گرت و بەردی بناغەی یەکێتی ئەوروپایان دانا، دواتر ساڵ بەساڵ ژمارەی وڵاتانی ئەندام لەم یەکێتیە رووی لە زیادبوون کرد تاوەکو گەیشتە 28 وڵات، بەڵام پاش ئەوەی بەریتانیا ھاتە دەرەوە لەم یەکێتییە، یەکێتی ئەوروپا بووە 27 ئەندام و لەژێر چەتری ئەم یەکێتییەدا زیاتر لە 400 ملیۆن ھاووڵاتی پێکەوە دەژین و پابەندی رێساو یاساکانی ئەوروپان.

رۆبه‌رت شومان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی فه‌ره‌نسا (1950) كه‌ به‌ باوكی یه‌كێتی ئه‌وروپا داده‌نرێت
رۆبه‌رت شومان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی فه‌ره‌نسا (1950) كه‌ به‌ باوكی یه‌كێتی ئه‌وروپا داده‌نرێت