سزاکانی ئەمەریکا مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە چۆڵ دەکەن
K24- ههولێر:
بەهۆی سزاکانی سەر ئێران، هۆتێلەکانی نەجەف کەمتر ئێرانییەکانیان لێ دەبیندرێت و زیارەتکارانی شیعە ناچارن لە ماڵەوە بمێنەوە و نەیەن بۆ عێراق.
ساڵانە سەردانکردنی مەزارگەی ئیمام عەلی ملیۆنەها شیعە دەکەنە میوانی شاری نەجەف و ئەرکی جیاواز لەو شارە پیرۆزەی شیعەکان بەجێدەهێنن.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، سائیب ئەبو خونەیم، سەرۆکی یەکێتی خاوەن هۆتێلەکانی نەجەف لە بارەی سەردانکەرانی شارەکە دەڵێت: "زیاد لە 85%ی سەردانکەران ئێرانین".
ژنە تەواو رەش روپۆشەکان و زیارەتکارە پیاوەکان، بە زمانی فارسی لە شەقامەکانی نەجەف قسەدەکەن و زۆرێک لە شارەی سەر شەقامەکان بە زمانی فارسی نووسراون.
سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران، کاریگەری زۆری لەسەر رێژەی سەردانکەرە ئێرانییەکان بۆ نەجەف کردووە.
سزاکانی ئەمەریکا بوونەوەتە هۆی داشکاندنی بەهای تومەنی ئێرانی و گەشتیارانیش وەک دراوێکی بێبەها تەماشای پارەکەیان دەکەن.
فەرزاد رەزا عەلی، یەکێکە لە سەردانکەرانی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف، بەم جۆرە باس لە هۆکاری کەمبوونەوەی سەردانکەرە ئێرانییەکا دەکات: "تەنگەژە داراییەکان هۆکارن، تومەنی ئێرانی هیچ بایەخێکی نییە لێرە".
کەمبوونەوەی گەشتیارە ئێرانییەکان، کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری عێراقیش هەیە بەوەی ساڵی پار بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە سەردانکەرەی نەجەف و کەربەلا، نزیکەی 544 هەزار عێراقی بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ سوودی ماددییان بینیبوو.
بەگوێرەی ئەنجوومی گەشت وگەشتووگوزاری جیهانی، گەشتیارانی نەجەف و کەربەلا، ساڵانە بڕی 5 ملیار دۆلار بە عێراق دەبەخشن.
ئێستا کە ئەو ژمارە زۆرە ئێرانییە نایەنە عێراق، نرخی هۆتێلەکان داشکێندراون و خەرجییەکان کەمکراونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگی 11، ئەمەریکا نیازی هەیە سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێنێت، ئێرانییەکان ناچارن بیر لە داهاتوو بکەنەوە.
H.J